ئێران لە خێرایی ئینتێرنێت لەناو 170 وڵاتدا، پلەی 164ی هەیە

15:10 - 4 رەشەمه 2711
كوردپا: بەپێی ئامارە جیهانییەكان و بەتایبەت ماڵپەڕی نێودەوڵەتیی NetIndex، لەناو 170 وڵاتی جیهان ئێران لە بواری خێرایی ئینتێرنێتدا پلەی 164مینی هەیە.

ماڵپەڕی جەڕەس بڵاوی كردەوە، تەنانەت وڵاتێكی وەكوو ئەفغانستان لە بواری خێرایی ئینتێرنێتدا هەشت پلە لە سەرووی ئێرانەوەیە و عێراق 10 پلە، مەغووڵستان 120 و قێرقیزستانیش 115 پلە لە سەرووی ئێرانەوەیە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، هاوكات نرخی ئینتێرنێت لە ئێران سەرەڕای نەبوونی خێرایی و چەندایەتیی دانلۆد، گرانترین نرخی لە ئاستی جیهاندا هەیە.

رەوشی خێرایی ئینتێرنێت لە دونیا دەریخستووە كەلە ئێران لە هەر چركەیەكدا كەمتر لە یەك میگابایتە، ئەمە لە حاڵێك دایە كەلە تایوان ئاستی نێونجی خێرایی ئینتێرنێت پێنج میگابایت لە چركە دایە.

بەپێی دوایین خشتەیەك كە لەلایەن ماڵپەڕی \"نێت ئیندێكس\"ەوە بڵاو كراوەتەوە، پێگەی ئێران لە بواری ئاستی نێونجی خێرایی دانلودی ئینتێرنێتی ماڵاندا لەناو 168 وڵاتی جیهاندا پلەی 167ی جیهانی هەیە.

بەپێی هەمان راپۆرت ئاستی نێونجیی خێرایی دانلود لە ئێران 480 كیلۆبایتە لە چركەیەكدا كەلە تەواوی وڵاتانی ناوچە لە خوارترە.

بەپێی هەواڵ و راپۆرتە ناوخۆییەكانی ئێران لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا جیا لە كەمیی و خراپیی ئینتێرنێت، زۆرێك لە ئیمەیلەکانی \"yahoo و gmail\"ی كاربەران كێشەیان بۆ ساز بووە و ناكرێنەوە و بە شێوەیەكی توندوتۆڵ ناوەند و كافی نێتەكان كۆنترۆڵ دەكرێن.