ئێران لە بیاڤی ئازادیدا، لە ریزی خراپترین وڵاتانی جیهاندایە

19:37 - 9 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی پشتیوانی لە دێمۆکراسی، کە بە \"خانەی ئازادی\"ناسراوە، ئەمساڵیش وەکوو سالانی رابردوو، وڵاتی ئێرانی لە ریزی خراپترین وڵاتانی جیهاندا ریز کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەڵسەنگاندنی پێوەری ئازادییەکان لە ئێران لەلایەن خانەی ئازادییەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بڵاو کرایەوە، کە بەو پێیە وڵاتی ئێران دەرەجەی ٦ و ٧ی بەدەست هێناوە.

بەپێی ٢٥ پێوەری خانەی ئازادی، باشترین وڵات دەرەجەی ١ و خراپترین وڵاتیش دەرەجەی ٧ی پێ بەخشراوە.

راپۆرتی خانەی ئازادی لەسەر ماڵپەڕی ئەو رێکخراوەیە بڵاو بۆتەوەو لە بارەی ئێرانەوە نووسیویەتی: توندئاژۆکان رێگری لە پەسندکرانی هەر چەشنە رێفۆرمێک بۆ ئازادییە مەدەنییەکان و سنووردارکردنی دەستێوەردانی دەوڵەت لە ژیانی هاووڵاتییاندا دەکەن.

وڵاتی ئێران لە ریزبەندیی ساڵی رابردووی ئەو رێکخراوەیەدا، پلەی ١٩١ی پێدرابوو.

\"24451.jpg\"
هەڵسەنگاندنی پێوەری ئازادییەکان لە ئێران لەلایەن خانەی ئازادییەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بڵاو کرایەوە، کە بەو پێیە وڵاتی ئێران دەرەجەی ٦ و ٧ی بەدەست هێناوە
مافی سیاسی و ئازادیی مەدەنیی هاووڵاتییان، گرینگترین بنەمای بڕیاردانی دامەزراوەی ناحکوومیی خانەی ئازادی بۆ پلەبەندیی ١٩٥ وڵات لە سەرتاسەری جیهاندایە.

وڵاتی سووریا بە ٧ دەرەجەوە، بە سنووردارترین وڵات دادەندرێت کە ئازادیی تێدا بەدی ناکرێ و هاوکات وڵاتانی ئێران، تاجیکستان و ئەفغانستان لە ریزی وڵاتانی غەیری ئازادی جیهاندا ئەژمار دەکرێن.

لەو راپۆرتەدا کە رۆژی رابردوو بڵاو کرایەوە، لە کۆی ١٩٥ وڵاتی جیهان، ٨٩ وڵات ئازاد، ٥٥ وڵات هەتا رادەیەک ئازاد و ٥١ وڵاتیش غەیری ئازاد لە قەڵەم دراون.

خانەی ئازادی لە راپۆرتی ٢٠١٤یدا سەبارەت بە \"دابەزینی لە رادەبەدەری ئازادی\"ی وڵاتان، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوەو ئەو وڵاتانەشی کە لە بیاڤی ئازادیدا پلەکانیان دابەزیوە، دوو هێدنەی ئەو وڵاتانەیە کە پلەکانیان باشتر بووە.

رێکخراوی \"فریدۆم هاوس(خانەی ئازادی)\" لەلایەن وندل ویلکی و لە ساڵی ١٩٤١دا لە واشنتۆن دامەزراوەو وەکوو \"ئاوینەی دێمۆکراسی و ئازادیی راستەقینە لە سەرتاسەری جیهاندا\" خۆی پێناسە کردووە.