ئێران فرۆشی نەوتی بۆ ٢٧ وڵاتی ئورووپایی راگرت

18:55 - 8 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی نەوتی حکوومەتی ئێران لە بڕیارێکدا هەناردەی نەوتی بۆ ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئوروپا قەدەغە راگەیاند.

\"عەلیرەزا نیکزاد\" وتەبێژە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی وڵاتی ئێران رایگەیاند: سەرەڕای داواکاریی زۆرێک لە وڵاتانی ئوروپایی لەمەڕ کڕینی نەوت، لەمەوبەدوا هیچ مامەڵەیەکی نەوتی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئەنجام نادرێت.

ئەو وتە بێژە لە لێدوانێکدا هۆکاری قەدەغە کردنی هەناردەی نەوتی، به دەستپێشخەری لەهەمبەر گەمارۆکانی ئەو ٢٧ وڵاتە گەڕاندەوە.

بڕیاری قەدەغە کرانی هەناردەی نەوت بۆ وڵاتانی ئوروپایی لە کاتێک دایە کە لە ماوەیەکی نزیکدا خولێکی نوێی گەماروکانی یەکییەتیی ئوروپا و ئامریکا دەست پێ دەکات.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داوای لەسەرجەم شیرکەتە نەوتییە بیانییەکان کردووە هاوکات لەگەڵ وڵاتی ئێران لە ناردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ئەو ٢٧ وڵاتەی یەکیەتیی ئوروپا خۆ ببوێرن.

سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ وەزیری نەوت رایگەیاندبوو، وڵاتی ئێران لە ئەگەری بەردەوامیی گەمارۆکان بە دژی وڵاتەکەی، بەگشتی هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە رادەگرێت.