ئێران دەبێ٥٣ میلیارد دۆلاری دیکەش وەک سزای نەخدی ڕادەستی ئامریکا بکات

15:42 - 29 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: جگە لەو ٢ میلیارد دۆلارە کە لە دیوانی بەرزی ئامریکا وەک سزای نەخدی لە ئێران وەردەگیرێ، ئەم وڵاتە دەبێ بڕی ٥٣ میلیاردی دیکەش ڕادەست بکات.

ڕۆژنامەی \"کیهان لندن\" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و بڕیاری دادگاکانی وڵاتی ئامریکا لەمەڕ دانی سزای نەخدی لە لایەن تارانەوە بە قوربانیانی ئەم کردەوە تێرۆریستیانە کردووە، کە بڕەکەی ٥٣ میلیارد دۆلارە.
ئەم ڕێژە لە سزای نەخدی کە لە لایەن دادگاکانی ئامریکاوە دیاری کراوە، لە بەرانبەر ئەم کردەوە تێرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی‌دا بووە:

- دانانەوەی بۆمب لە لایەن حیزبوڵڵاوە لە ئاوریلی ١٩٨٣دا، لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەیروت کە تێیدا ٦٣ کەس، لەوانە١٧ ئامریکایی کوژران.

- دانانەوەی بۆمب لە لایەن حیزبوڵڵاوە، لە ئۆکتۆبری ١٩٨٣ کە ٢٤١ دەریاوانی هێزی دەریایی ئامریکای کردە قوربانی.

- بە بارمتەگرتن و ڕفاندنی مرۆڤ لە لایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە، لە دەیەی ٨٠ی زایینی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی ئامریکایی، لەوانە ٢ ڕۆژنامەوان، ٣ کارگێڕی ناوەندە فێرکارییەکان و قەشەیەکی ئامریکایی.

- کوشتنی ٢ هاووڵاتیی ئامریکایی لە جەریانی تەقاندنەوەی ٢ ئۆتوبوسی ئیسرائیلی لە ئاوریلی ١٩٩٥دا و فێبریەی ١٩٩٦دا، کە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەیی ئەنجام درابوو.

- تەقینەوەکانی خۆباری عەرەبستان، لە ژوئەنی ١٩٩٦دا، کە بە بڕیاری خامنەیی ئەنجام دران و بە هۆیەوە ١٩ کەس لە هێزەکانی ئامریکا کوژران.
- دانانەوەی بۆمب لە بازاڕی ئورشەلیم لە لایەن حەماسەوە لە ساڵی ١٩٩٧دا.

- تەقینەوەکانی ئوتی١٩٩٨ی کێنیا و تانزانیا کە بە هۆیەوە ٣٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠٠کەسیش بریندار بوون.

- هێرش بۆ سەر کەشتیی یو ئێس ئێس کۆڵ، لە ئۆکتۆبری ٢٠٠٠دا لە یەمەن، کە بە هۆیەوە ١٧ ئامریکایی کوژران.

- هەروەها خامنەیی و ڕێژیمی ئێران لە جەریانی پەروەندەی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ دا مەحکووم کران و ئەرکدار کران بە دانی ١٦ میلیارد دۆلار سزای نەخدی.

ئەم سێناریۆیە پێشتریش لە وڵاتی لیبی و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی مۆعەممەر قەزافیدا ڕوی دا، بە چەشنێک کە پاش ناچار کردنی ناوبراو بە ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکیەکەی، دەوڵەتی لیبییان بە دانی سزای نەخدی بە قوربانیانی ڕووداوی پان ئامێریکەن ١٠٣، ناچار کرد.