یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

10:42 - 15 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، یەکێک لە دەسبەسەکراوەکانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە ناوی " پشتیوان ئەفسەر" خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە کراوە و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، دەسبەسەر کراوە.

 "پشتیوان ئەفسەر"، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨،  لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرابووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا، دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.