یەک لە سەر چواری کچانی ئێرانی ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە

16:15 - 4 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: نزیکەی نیوی حەشیمەتی ئێران لە سەدا (٤٩) ژنان پێکی دێن و یەک لە سەر چوار کچانی ئێرانی سەڵتن و هەتا ئێستا ژیانی هاوبەشیان پیک نەهێناوە.


بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ٤٩ لە سەدا ژنانی ئێران حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێک دێنن و لەو ڕێژەیەش نزیکەی ١٠ میلیۆن کچانی تازە پێگەیشتووی ئەو وڵاتە سەڵتن.

هەواڵدەریی \"ئیسنا\" لە زاری بەرپرسی ئەنجومەنی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ئێران بڵاوی کردەوە، لە ئێستادا لە ١٠٠ کوڕ، ٨٢ کچ لە تەمەنی پێک هێنانی ژیانی هاوبەش بوونیان هەیە و نێونجی تەمەنی پێک هێنانی ژیانی هاوبەش لە ئێران بە کەمتر لە ٢٥ ساڵ گەیشتووە.

بەپێی دوایین ئاماری سەرژمێری ساڵی ٩٥ی هەتاوی، نزیکەی نیوەی حەشیمەتی ئێران (٤٩) لە سەد ژنان پێکی دێنن و یەک لە سەر چوار واتە (٩ میلیۆن و ٨٩٠هەزار کەس) کچانی تازە پێگەیشتوون کە ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە.

بەرپرسی فراکسیۆنی ژنان لە مەجلیسی ئێران ماوەیەک پێش بە جیددی باسی لە دیاردەی \"کودک همسری\" و \" کچانی بێوەژنی ١٥ ساڵ\" کە لانیکەم تەمەنی ئیزدواج کچان ١٣ هەتا ١٥ ساڵه کردبوو.

بەپێی ئامارەکان ساڵان نزیکەی ٤٠ هەزار کچ، ژێر تەمەن ١٥ ساڵ لە ئێران ژیانی هاوبەش پێک دێنن و هەروەها زیاتر لە هەزار کچی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ تەڵاق وەردەگرن.

بەپێی ماددەی ١٤٠١ یاسای مەدەنی ئێران، تەمەنی یاسای پێک هێنانی ژیانی هاوبەش بۆ کچان ١٣ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵە لە بەرچاوە گیراوە و ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەتا پێش لە هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەمەن پێک هێنانی ژیانی هاوبەش بۆ کچان ١٥ ساڵ و بۆ کوڕان ١٨ ساڵ دیاری کرا بوو.