ئینفۆگرافیکی مۆندیالی ٢٠١٤ی برێزیل

16:56 - 22 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: مۆندیالی ٢٠١٤ی زایینی لە برێزیل، کە بیستەمین مۆندیالیشە، کاتژمێر ١٠ و نیوی ئەمشەو لە رێوڕەسمێکدا لە یاریگەی \"کۆرینتیانس\"ی شاری سائۆپائۆلۆ دەست پێدەکات و رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ کۆتایی پێ‌دێت.

هێمای مۆندیالی ٢٠١٤، کە هاوشێوەی جامی پاڵەوانیەتی دروستکراوە، لە ٢ دەستی سەوز لە سەرووی جامەکە و دەستێکی زەردیش لە ژێرەوەی جامەکەیە، پێکدێت.

\"20469.jpg\"
لە مۆندیالی ئەمساڵدا، ٣٢ تیم لە ٨ گروپ‌دا بەشدار دەبن کە جگە لە برێزیل میواندارییەتی مۆندیال ٥ تیم لە ئەمریکای باشوور، ١٣ تیم لە ئوروپا، ٤ تیم لە ئاسیا، ئەفریقاش بە ٥ تیم و ئەمریکای باکوور و زەریای کارائیپ بە ٤ پشکەوە رکابەری دەکەن.

زیاتر لە ٣ ملیۆن بلیت بۆ مۆندیالی ئەمساڵ فرۆشراوە و نزیک بە سێ ملیۆن گەشتیار لە سەرتاسەری جیهانەوە روو لە برێزیل دەکەن.

بۆ بەرێوەچوونی ئەم خولەی رکابەرییەکانی مۆندیال، کە دوای یارییەکانی ئۆڵمپیک، بە گەورەترین رووداوی وەرزشی دادەندرێت، ٩ یاریگە دروست کراون، کە ١١ ملیارد دۆلار تێچوویان هەڵگرتووە.

رێوڕەسمی کردنەوەی مۆندیال ٢٥ خولەک دەخایەنێت و تیایدا ٦٠٠ هونەرمەند بەرهەم پێشکەش دەکەن و هاوکات سەپ بلاتر، سەرۆکی فیدراسیۆنی فووتباڵ (فیفا)، دیلما روسف، سەرکۆماری برێزیل لەو رێوڕەسمەدا بەشدار دەبن.

\"20475.jpg\"
لێپرسراوانی ١١ وڵاتی جیهان وەکوو بانکی موون سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شێخ تەمیم ئالی سانی ئەمیری قەتەر، ئینگیلا میرکیل لە وڵاتی ئاڵمان لە رێوڕەسمی کرانەوەو لە میانەی یارییەکانی مۆندیال‌دا بەشداری دەکەن.

تیمەکانی برێزیل و کوڕۆڤاسی یەکەمین یاریی مۆندیالە، کە کاتژمێر ١٢ و نیوی شەوی هەینی (بەکاتی تاران) بە نێوبژیوانیی یوئیجی نیسی موورا لە ژاپۆن، بەرەوڕووی یەک دەبنەوە.

ئاڵمان وەکوو بارکەوتەترین (بدشانس‌ترین) فیناڵیستی مۆندیالەکانی پێشوو ناسراوە، چونکە چوار جار لە قۆناغی کۆتایی یارییەکان‌دا پلەی دووەمی بەدەست هێناوە و سێ جاریش بۆتە پاڵەوانی مۆندیال.

فابیۆ کاپلۆ راهێنەری ئیتالیایی تیمی میللیی تۆپی پێی رووسیا، کە ٦ ملیۆن و ٦٩٣ هەزار و ٧٥٠ پۆند وەردەگرێت، وەکوو گران‌ترین راهێنەر و میگوئیل هرڕا راهێنەری مەکزیکی بە ١٢٥ هەزار پۆند هەرزان‌ترین راهێنەری مۆندیال ناسراون.

بەپێی وتەی بەرپرسانی بەشی راگەیاندنی رکابەرییەکان، نوێنەرانی ٣٠٦ میدیا و تەلەفزیۆن لە سەرتاسەری جیهانەوە روو لە وڵاتی برێزیل دەکەن.

١٥٧ هەزار پۆلیس و نیزامی بە تێچووی نزیک بە یەک ملیارد دۆلار، ئەمنیەتی مۆندیالەکەیان بە ئەستۆیە.

خاڵی هاوبەشی سەرجەم رکابەرییەکان لە مۆندیالی ئەمساڵدا یاری کردن بە تۆپی ٤٣٧ گرەمیی برازۆکا (بە مانای شێوازی ژیانی برێزل)یە، کە لە ٦ پارچەی هاوشیوەی کولـلە دروست کراوەو بەهۆی هەبوونی چەند قڵیشێکی تایبەتی‌یەوە، کەمترین لادانی دەبێت.

حەوت کامێرا لە تەنێشت دەروازەکە بۆ چاوەدێریی تۆپەکە داندراون، کە لە ئەگەری تێپەڕبوونی تۆپ لە هێڵی سپیی دەروازەکە، نێوبژیوان لە رێگەی کاتژمێرەکەیەوە (ویبرەی کاتژمێرەکەی نێوبژیوان) ئاگادار بکەنەوە.

\"20473.jpg\"
لە مۆندیالی برێزیل‌دا، پەردە لەسەر چەندین مۆدێل کەوش هەڵدراونەتەوە، کە ماوەی چوار ساڵ لە تاقیگەدا کاریان لەسەر کراوە.

نێوبژیوانان لەم یارییانەدا دەتوانن بە رەنگێکی تایبەتی کە پاش ٢ خولەک دەبێتە هەڵم ئاسەواری نامێنیت، شوێنی راوەستانی یاریزانان لە کاتی لێدانی تۆپەکاندا دیاری بکەن.

دەیوید بێکهامی تەمەن ٣٩ ساڵ و ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی وڵاتی ئینگلیز لەلایەن وەلیعاد(ولیعهد)ی ئەو وڵاتەوە وەکوو باڵوێزی پشتیوانی ئاژەڵانی لەحاڵی لەناوچوون‌دا، دیاریکراوە.

\"20474.jpg\"
لە مۆندیالی بیستەم‌دا، ٧٥٦ ملیۆن دۆلار پارەی نەخت وەکوو خەڵات بەسەر تیمە بەشداربووەکاندا دابەش دەکرێت، کە پشکی تیمی براوەی یارییەکان ٣٥ ملیۆن دۆلار لەو بڕە پارەیە دەبێت.

ئێران لە یارییەکانی مۆندیال

تیمی ئێران لەگەڵ تیمی وڵاتانی ئارژانتین، بوسنی و نیجریە لە گروپی fدا هاوگروپن و بەپێی راپرسییەک، کەلە ١٩ وڵاتی جیهان ئەنجام دراوە، تیمی وڵاتانی ئەمریکا، ئارژانتین و ئێران وەکوو بێزراوترین تیمەکان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراون.

تیمی تۆپی پێی وڵاتی ئێران کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە کاتی تاران لە رۆژی ٢٦ی جۆزەردان بەرەوڕووی تیمی وڵاتی نیجریا دەبێتەوەو کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی رێکەوتی چواری پووشپەڕیش لەگەڵ تیمی بۆسنی بەرەوڕووی یەک دەبنەوە.

تیمی تۆپی پێی وڵاتی ئێران ئەمساڵ بۆ چوارەمین جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا لە مۆندیاڵدا بەشدار بووە، بەڵام هیچ‌کات نەیتوانیوە تەنانەت لە قۆناغی یەکەمی یارییەکاندا بەرەو سەرتر بڕوات.

ئێران لەکاتی چوون بۆ یارییەکانی مۆندیالی برێزیل، لە پلەبەندیی فیفادا پلەی ٤٣ی لە ئاستی جیهاندا هەیە.

کارلۆس کی‌رووش راهێنەری پۆرتغالی راهێنەریی تیمی تۆپی پێی وڵاتی ئێرانی لە ئەستۆیە کە بە هەقدەستی ٢٥٠ هەزار پۆند لە پلەی ١٣ی گرانترین راهێنەران‌دایە.

یارییەکان لە کاتژمێر ١٢:٣٠ و ٢:٣٠ نیوەشەو لە دوو بەشدا و لە کەناڵی وەرزش و هەمان رۆژ کاتژمێر ١ و نیوی نیوەڕۆ و ٣و نیوی پاشنیوەرۆ بە کاتی تاران بڵاو دەبێتەوە.

تێکڕای یارییەکانی تۆپی پێی مۆندیالی ئەمساڵ، ٧ چرکە تاخیرەوە لە وڵاتی ئێرن بڵاو دەبێتەوە.

عەلیرەزا فوغانی لە ئێران تاقە نێوبژیوانی یارییەکانی مۆندیالە، کە نێوبژیوانیی چوارەمین یاریی مۆندیالی لە ئەستۆ دەبێت.

کۆمیتەی فەرهەنگیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، بە هیوایە کەڵک لە هاندەرانی برێزیلی لە ئێران لەکاتی یاری لەگەڵ ئارژانتین وەربگرێت.

\"20470.jpg\"
حوسێن ئازین، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ لە مەجلیسی ئێران، بۆ چاوەدێری بەسەر ئەخلاقی ئیسلامی و هاندەران و تاوتوێی لایەنەکانی گەندەڵی(فساد) لە تۆپی پێ‌لە مۆندیال، گەیشتۆتە برێزیل.

ئاڵای حکوومەتی ئیسلامی لەسەر شووشەی ئارەق و مەشرووب و هەروەها شەڕواڵی ساپۆرتی ژنانە تەبلیغی بۆ دەکرێت.

هەڵبژێرانی دروشمی شانازیی پارس بۆ تیمی تۆپی پێی ئێران، لە میدیاکاندا ناڕەزایەتیی لێکەوتەوەو سێ یاریزانی کوڕیش بەناوەکانی بەختیار رەحمانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، رەزا قووچان‌نژاد خەڵکی خۆراسانی باکوور و عەلیرەزا جیهانبەخش خەڵکی قەزوێن لە تیمی تۆپی پێی ئێراندا بەشدارن.
\"20471.jpg\"

\"20472.jpg\"

\"20494.jpg\"