بە فەرمانی فەرمانداری خۆی؛ تابلۆی چوونەژورەوەی شاری کۆتۆل کە بە زمانی کوردی نوسرابوو لابردرا

13:15 - 9 بەفرانبار 2724

٨ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا تابلۆی چوونەژوورەوەی شاری کۆتۆل کە لەسەریەوە بە زاراوەی کرمانجی بەخێرهاتنی خەڵک کرابوو، بە فەرمانی فەرمانداری خۆی لابردرا.

بە وتە سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم تابلۆی بەخێرهاتنە لەلایەن "سلێمان مامە" شارەداری کۆتۆلەوە لە چوونەژوورەوەی "خاڵی سنووریی ڕازی" دانرابوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، بە فەرمانی "کەریم عەلینژاد" فەرمانداری خۆی، هێنرایە خوارەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند؛ فەرمانداری خۆی بڕیاری داوە کە ئەگەر تابلۆکە لانەبردرێت، شارەداری کۆتۆل لەسەر کارەکەی لادەبردرێت.

ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون نیشانی دەدەن کە لە سەر ئەم تابلۆیە بە زمانی کوردیی کرمانجی بە ڕێنووسی سۆرانی و لاتین نووسراوە "بخێر هاتن باژارێ کۆتۆلێ" واتە بەخێر هاتن بە شاری کۆتۆل. وێنەکانی دیکە ماشینێک نیشان دەدەن کە خەریکی هێنانە خوارەوەی تابلۆکەیە.

"پێشگرتن لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە کۆتۆل بە شێوەی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ"؛

پێشگرتنی بەردەوام لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە شارێک کە خەڵکەکەی کوردن لە ڕوانەگەی ئەوانەوە ئاکارێکە لە ڕاستای "لەنێوبردنی شوناس" و "هەڵاواردنی نژادی".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دوو حاڵەتی دیکە لە هەڵسوکەوتی ناوەندە پێوەندیدارەکان بە مەبەستی لابردنی ناوە کوردییەکان لەسەر دووکانەکان لە شاری کۆتۆل ڕووی داوە. لە یەک حاڵەتدا دووکانێکی کەوشفرۆشی ناچار کراوە وشەی کوردستان لە ڕێنووسی "کوردستان"ـەوە بۆ "کردستان" بگۆڕێ. لە یەکێک لە حاڵەتەکانی دیکەدا سووپرمارکتێک ناچار کراوە کە وشەی "کۆبانی[ کە یەکێک لە شارەکانی ڕۆژاوای کوردستانە]" لەسەر دووکانەکەی لا ببات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت، ڕێگرییەکانی حکوومەت تەنیا لە بیاڤی زمانی کوردیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو خەڵکی ئەم شارە و چالاکانی مەدەنی ساڵانێکە لەگەڵ ڕێگرییەکانی حکوومەت بۆ بەڕێوەبردنی هەر چەشنە فێستیڤاڵ و شانۆیەکی فەرهەنگی – هونەری کە بە زمانی کوردی بێت بەرەوڕوون. لە نوێترین حاڵەتدا ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ پێش بە بەڕێوەچوونی شانۆیەکی هونەریی تەنز لە "سالۆنی وەرزشیی کۆتۆل" گیرا کە بڕیار بوو بە زمای کوردی بێت و پێشتریش لەلایەن فەرمانداریی کۆتۆلەوە مۆڵەتی نووسراوی وەرگرتبوو. ئەم شانۆیە کە بڕیار بوو لەلایەن گرووپێکی هونەریی کوردەوە لەژێر ناوی "بنەماڵ" بەڕێوە بچێ، بە فەرمانی فەرمانداری کۆتۆل و تەنیا بەم وڵامە کە "نابێ لە کۆتۆل بەڕێوە بچێ" هەڵوەشاوەتەوە.

سەرچاوەی کوردپا ڕایگەیاندووە؛ ئەم سیاسەتانە بە شێوەی سیستماتیک و بە مەبەستی "پێشگرتن لە بەکارهێنانی زمانی کوردی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە فەرهەنگی- هونەرییەکان لە ڕاستای "لەنێوبردنی شوناس" و "هەڵاواردنی نژادی"ی کوردەکانی کۆتۆلە.

سەبارەت بە شاری کۆتۆل؛

کۆتۆل یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ورمێیە و شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزی شکاکە کە بە زمانی کوردیی کرمانجی قسە دەکەن و مەزهەبی خەڵکەکەی سونیی شافعییە.

ماڵپەرێ شارەداریی کۆتۆل لەمبارەوە نووسیویەتی؛ شاری کۆتۆل ناوەندی بەشی کۆتۆل یەکێک لە بەشە کوردنشینەکانی شاری خۆیە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە پێی دەڵێن "کۆتۆل". کۆتۆل ناوەندی نیشتەجێبوونی هۆزی شکاکە و زمانی زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوچەیە کوردیی کرمانجییە. ئەم شارە لە سنووری ئێران و تورکییەدایە و نزیکترین شار لە سنووری ڕازییە. حەشیمەتی کۆتۆل لە ساڵی ١٣٩٥دا، ٥ هەزار و ١٤٧ کەس بووە و خەڵکەکەی سۆننە مەزهەبن. شاری کۆتۆل بە هۆی ئەوەی کە لە سەر ڕێگای ئاورێشم هەڵکەوتووە، تەنیا ڕێگا بۆ سنووری تورکییەیە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە کۆتۆل، بە هۆی نەبوونی بوودجەی پێویست و دواکەوتوومانەوە لە بواری ئابووری بۆ ماوەی ساڵانێكی دوور و درێژ لە بێبەشترین شارە سنوورییەکان بووە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفا‌زاده