ئیلام/ تەقینەوەی مین ٨١٠ هاووڵاتیی کردۆتە قوربانی

13:27 - 24 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٨ ساڵدا ٨١٠ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی ئیلام لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، بریندار و تووشی کەمئندامی بوون.

هەواڵدەرییە ناوچەییەکانی ئوستانی ئیلام لەزاری \"بەرپرسی ئیدارەی گشتیی ئەو ئوستانەوە بڵاویان کردەوە، کەلە ساڵی ١٣٨٤ـەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە گشتی ٨١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ئیلام، مێهران و دێهلوران بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕی ئێران و ئێراق بریندار و کەمئەندام بوون.

سادق رۆستەمی هۆکاری زیادبوونی ئەو ئامارەی بۆ مین‌رێزژ بوونی زەوی و زارە کشتووکاڵییەکانی ئوستانی ئیلام گەڕاندۆتەوە، بەڵام هاووڵاتییانی کورد کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان بە هۆکاری زیادبوونی ئەو ئامارە لە قەلەم ئەدەن.

رێكخراوی یونیسێف وڵاتی عێراق و سنوورەكانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئێران وەك \"پڕ مینترین\" ناوچەی دونیا ناودێر كردووە و رێژەی مینی چێنراوی دژە نەفەر زیاتر لە ٢٠ میلیۆنە كە ١٠٠٠ كیلۆمیتر لە خاكی ئێراق مین رێژە و ئەوە جێگای مەترسییە، بەشێكی زۆری خاكی ئێراق هاوسنووری ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانە و خەڵكێش بەهۆی كاسبی و كاروباری كۆڵبەری لەو سنوورانە زیاتر دەبنە قوربانی.

هەروەها ئوستانی ئیلام ٤٣٠ کیلۆمیتــر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی ئێــراق هەیە و لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراقدا هەزاران مین لەلایەن هەر دوو وڵاتی ئێران و ئێراقەوە لە سنوورەکان چێندراون و پاش تێپەڕینی ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو شەڕەدا هەتا ئێستا ئەو سنوورانە وەک خۆیان ماونەتەوە.