ئیعدامەکان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەردەوامن

22:16 - 20 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئیعدامی دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئیعدام کران.

هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییەی \'\'سەید قادر حەمیدی\'\' ٣٧ ساڵە و \'\'بەهمەن\'\' ٢٨ ساڵە خەڵکی گەڕەکی \'\'کوشتارگا\'\'ی ورمێ راگەیاندووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە، ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی \'\'قەتڵی بە ئەنقەست\'\' ئیعدام کراون.

دەوترێ، سەید قادر حەمیدی بە تۆمەتی \'\'کوشتی ژن\'\'ەکەی و بەهمەن بە تۆمەتی \'\'کوشتنی هاووڵاتییەکی ئازەری\'\' لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپابوو.

لەلایەکی دیکەوە و هەر لە هەمان رۆژدا، دوو هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئیعدام کران، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەیان بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبووەتەوە.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، حوکمی ئیعدامی شەش هاووڵاتیی دیکەیان لەو زیندانە بەڕێوە بردبوو.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٨١٩ حاڵەتی سزای ئیعدام لە ساڵی ٩٣ زیاتر لەلایەن دەزگای قەزایی و لە هەندێ حاڵەتیشدا لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بەڕێوەچووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەسەدا ٢ و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ی هەتاوی، لەسەدا ٦٧ زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.