ئیعتیاد و فەساد لەنێو خوێندكارانی زانكۆی ورمێ‌ پەرەی سەندووە

21:05 - 21 رەزبەر 2711
كوردپا: بەشێكی بەرچاو لە خوێندكارانی زانكۆی ورمێ‌ بە نیشانەی بڵاو بوونەوەی مادە سڕكەرەكان لەنێو زانكۆدا ئیعترازیان كردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو ئیعترازەی خوێندكارانی زانكۆی ورمێ‌ لەگەڵ هەڵسوكەوتی توندی خوێندكارانی بەسیجی بەرەوڕوو بۆتەوە.
خوێندكارانی زانكۆی ورمێ‌ لەو باوەڕە دان، خوێندكارانی بەسیجی هێندێ‌ مادەی هۆشبەری وەكوو تریاك، حەشیش، كراك، شیشە و حەبی وزە بەخش (ئیكس تازی) لەنێو زانكۆی ورمێدا بڵاو دەكەنەوە.
بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو مادانە بە نرخێكی زۆر كەم لەنێو خوێندكارانی كچ و كوڕدا بڵاو دەكرێنەوە.
ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆی ورمێ‌ بە نیشانەی پەرە سەندنی مادە سڕكەرەكان و بڵاو كردنەوەیان لەلایەن خوێندكارانی بەسیجەوە ئیعترازیان دەربڕیوە، بەڵام لەسەر بڕیاری لێپرسراوانی زانكۆ بە توندی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كراوە.
لەلایەكی دیكەوە هێندێ‌ لە خوێندكارە كچەكانی زانكۆی ورمێ‌ بە هۆی دەسكورتی و نەداری تووشی لەش فرۆشی هاتوون و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی ئیدزیان لە سەرە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لەناو زانكۆكانی ئێراندا كراوە، لە سەدا 82‎ی خوێندكارانی كوڕ و لە سەدا 15‎ی خوێندكارانی كچ لانیكەم بۆ یەك جار مادە سڕكەرەكانیان بەكار هێناوە.
زانكۆی زانستی پزیشكی لە نامیلكەیەكدا ئەنجامی ئەو لێكۆڵێنەوەی بڵاو كردۆتەوە.
لە نامیلكەكەدا هاتووە، لە یەك ساڵی 1386 ـ 1385‎دا تەنیا لە تاران نزیك بە 1186 خوێندكار تووشی ماده هۆشبەرەكان بوون.
لە سەدا 20‎ی خوێندكارانی تووشبوو بە مادە سڕكەرەكان حەبی ئیكس تازی بەكار دەهێنن.
بەوتەی بەكار هێنەرانی ئیكس تازی، ئەو مادەیە زیاتر لە بۆنەكانی خۆشی و شادیدا بەكار دێت و وزەیەكی سەر سووڕهینەریان پێ‌ دەدات.