ئیعادەی دادڕەسیی کامڕان ساختمانگەر ڕەت کرایەوە

10:22 - 2 سەرماوەز 2720

ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز، لقی ١١ی دیوانی باڵای وڵات؛ ئیعادەی دادڕەسیی کامڕان ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی کورد؛ خەڵکی سنەی ڕەت کردەوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە لەو پەیوەندییەدا لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ٩٩، لە ڕێگای سامانەی سنا بۆم هاتووە، کە داواکاریی ئیعادەی دادڕەسیی من (کامڕان ساختمانگەر) لە مەڕ تۆمەتی بێبنەمای ئەندامبوون لە کۆمەڵە و چالاکیی پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە لقی ١١ی دیوانی باڵای وڵات، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ڕەت کرایەوە.

 ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر، ئەو چالاکە کرێکارییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، بانگهشێتی لقی ٤ی بەرێوەبەری تاوانەکانی کەیفەری شاری سنە، کرا.

لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مستەفا تەیاری" حوکمی زیندانیی کامڕان ساختمانگەر، کە بە ٦ سآڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پشتڕاست کردەوە.

دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە ڕەت کردنەوەی پێداچوونەوەی دادگاییەکەی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە پشتبەستن بە مادەی ٤٥٥ یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری، دادنامەی پێداچونەوەی پاشتڕاست کردەوە.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٨، ئەو چالاکە کرێکارییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر "حوسێن سەعیدی" ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری  وبە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی بە هەژمار کردنی ماوەی پێشوو دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لەمەڕ پشتیوانی لە مافی کرێکاران، لە باخی کەسیی سەید "عەلی حوسێنی"، چالاکێکی دیکەی کرێکاری، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سەقز دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتووخانەی سنە ئازاد کراوە.