ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بە بنەماڵەی "یاسر مەنگووڕی" وتووە کوڕەکەتان کوژراوە

18:46 - 22 خەرمانان 2721

پاش نزیک بە دوو مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسی "یاسر مەنگووڕی" ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەتان کوژراوە.

چارەنووسی "یاسر مەنگووڕی" کوڕی مستەفا، خەڵکی شاری پیرانشار، هەتا کاتی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان کە کوژراوبوونی کوڕەکەیانی پێ ڕاگەیاندوون لە ناڕوونی دابووە.

 هەواڵەکان باس لە دەسبەسەرکرانی یاسر مەنگووڕی لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، سەڕەڕای سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی پیرانشار و ورمێ، هێزە ئەمنییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە، خۆیان بواردووە.

"ڕەحیم مەنگووڕی" مامی "یاسر مەنگووڕی"، وێرای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی برازاکەی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکان لە شاری پیرانشار، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، دەڵێت: "ئەگەری زۆر هەیە یاسر هەمان شەو کە لە دەرەوەی ماڵەوەیان باس لە دەسبەسەرکرانی کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە کوژراوە".

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: "لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، ناوەندە ئەمنییەکان لە چارەنووسی برازاکەی بیئاگایی خۆیان دەربڕیووە و تەنانەت بنەماڵەکەشی کە سەردانی ئیدارەی تۆمارکردنی باری تاکەکەسیی شاری پیرانشاریان کردووه، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ یاسر مەنگووڕی گەواهی کۆچی دوایی دەرهێناوە".

هەنووکە بنەماڵەی مەنگووڕی بۆ کوڕەکەیان ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیان داناوە و ئەمە لەکاتێکدایە کە هەتا ئێستا ناوەندە ئەمنییەکان لە دانی جەنازەی یاسر مەنگوقڕی بە بنەماڵەکەی و هەر جۆرە بەڵگەیە لەمەڕ گیان لەدەستدان و چارەنووسی یاسر خۆیان بواردووە.

ئومید مەنگووڕی برای یاسر مەنگووڕی لە وتووژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا کوژراوبوونی براکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەری زۆر هەیە ناوبراو لە کاتی دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.