ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی شنۆ بارمتەی فەرهاد عەبدوڵڵاپووری داناوەتە موزایدە

13:07 - 26 جۆزەردان 2721

بارمتەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرهاد عەبدوڵڵاپوور"، کوڕی ئەبووبەکر و خەڵکی شنۆ، لەلایەن لقی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ دانراوەتە موزایدە.

موزایدەی بارمتەی ئەو هاووڵاتییە، ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە نووسینگەی لقی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ بەڕێوە دەچێت.

موزایدەی ئەو بارمتەیە، لە نرخی دیاریکراو دەست پێ دەکات و بە بەرزترین نرخی کارناسی دەفرۆشرێت.

فەرهاد عەبدوڵڵاپوور ٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٧٥ ڕۆژ مانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مانگی ڕەزبەری هەمان ساڵ، بەهۆی هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، ناچار بووە کە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵێت.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد و برای فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٩٩، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و دوو ڕۆژ دواتر، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ تیرباران کرا.