ئیتلاعاتی مەهاباد، کەسایەتییەکی سیاسیی کوردی دەستبەسەر کرد

19:39 - 25 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: عومەر قازی کەسایەتیی سیاسیی کوردی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرو بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەشەمە، عومەر قازی یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە لیباس شەخسی‌یەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهابادەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە حکوومەتییەکان وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٨٠ ساڵەیە، خانووی ناوبراویشیان زەوت و داگیر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: هێزە ئەمنییەکان بەهۆی هاوکاری نەکردنی عومەر قازی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

\"25433.jpg\"
پێشتر عومەر قازی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووەو لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا دەستبەسەر کراوە
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، \"بنیادی مستضعفان\" بە بڕیاری دەزگای قەزایی مەهاباد بە عومەر قازیی راگەیاندبوو، کە دەبێ خانووەکەی چۆڵ بکات و بیداتە ئەو ناوەندە.

بەرپرسی بنیادی مستضعفین بە هاوکاری و هاندانی کەسێک بەناوی \"ئیبراهیمی\" داوای بەرتیلی لە عومەر قازی کردبوو، کە رێگری لە زەوت و داگیر کردنی خانووەکەی بکەن.

عومەر قزی بەهۆی رەت کردنەوەی داوای بنیادی مستضعفین، هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیان لە ناوبراو کردبوو، کە دەبێ بەزووترین کات خانوەکەی چۆڵ بکات.

پێشتر عومەر قازی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووەو لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا دەستبەسەر کراوەو بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە زیندانی ورمێدا زیندانی کراوە.

عومەر قازی پاش ئەەی لە ساڵی ٧٥دا لە زیندان ئازاد کرا، بەهۆی نەخۆشی رووی لە وڵاتی سوید کرد و دواتر بەهۆی کۆچی دوایی هاوسەرەکەیەوە گەڕایەوە بۆ شاری مەهاباد.

دوابەدوای ئەویکە عومەر قازی گەڕایەوە بۆشاری مەهاباد، ناوەندە ئەمنییەکان ناوبراویان بانگهێشت کرد و بەڵێنیی ئەوەیان پێدا کە ئەگەر هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەکان بکات، تێکرای دارایی و مڵکە داگیرکراوەکانی پێ ئەدرێتەوە، بەڵام ئەو کەسایەتییە سیاسییە کوردە خواستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی رەت کردەوە.