ئیتلاعاتی مەریوان مەرەخەسیی تەحسین دادڕەسی هەڵوەشاندەوە

23:20 - 5 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، مەرەخەسیی تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی هەڵوەشاندەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ کاتژمێر ۱۱ی پێش نیوەڕۆ، تەحسین دادڕەس بانگهێشتی زیندانی مەریوان کرا و بەرپرسانی زیندان بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ئیدارەی ئیتلاعات مەرەخەسییەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی: "ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ڕایگەیاندووە کە دادستان بە بێ ئیزنی ئێمە، مەرەخەسیی بە تەحسین دادڕەس داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بەهۆی هاوکارینەکردنی ئەو زیندانییە سیاسیە لەگەڵ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، مەرەخەسییەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: " پاش هەڵوەشاندنەوەی مەرەخەسیی تەحسین دادڕەس، بنەماڵەکەی سەردانی دادگای مەریوانیان کردووە و پێیان ڕاگەیندراوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرەخەسیی تەحسین لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات جێبەجێ کراوە و ناتوانن هیچ هەوڵێک لەو ڕاستایەدا ئەنجام بدەن.

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان، تەحسین دادڕەس بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیندانیبوونیدا، بۆ ماوەی ۱٥ ڕۆژ مەرەخەسیی پێ درابوو.

بەرپرسانی زیندانی مەریوان، چەندین جار لەگەڵ هاتنە مەرەخەسیی تەحسین دادڕەس، زیندانیی سیاسیی کورد دژایەتییان کردبوو.

 تەحسین دادڕەس، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، دووبارە لە زیندانی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەویکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووەوە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.

شەوی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک حەوتوو لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.