ئیتلاعاتی شاری سەردەشت باوکی چالاکێکی سیاسی دەستبەسەر کرد

15:26 - 13 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شاری سەردەشت ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە باوکی چالاکێکی سیاسیی کوردی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان، هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی \"مەولوود ئیسماعیل پوور\" و ناوبراویان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنکی نادیار ڕایانگواست.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٦٨ ساڵە، ناوبرایان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

محەممەد ئیسماعیل پوور بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی تۆمەتبار کراوە.

\"\"
محەممەد ئیسماعیل پوور بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی تۆمەتبار کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئەمنیەتییەکان چەندین جار بۆ دەستبەسەر کردنی محەممەد ئیسماعیل پوور، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو چالاکە سیاسیتە و پاش پشکنین، دەستیان بە ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەی ئیسماعیل پوور کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: محەممەد کوڕی مەولوود ئیسماعیل پوور، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، تۆمەتبار کراوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ لە شاری سەردەشت نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی ناڵەباری جەستەیی و دەرونی مەولوود ئیسماعیل پوور بە هۆی پیری و بەساڵاچوویی ناوبراو، دەربڕیووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئیسماعیل پوور بە هۆی گوشاری ناوندە ئەمنیەتییەکان لە دانی هەرچەشنە زانیارییەک بە هەواڵدەرییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ خۆیان بواردووە.

سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرکۆمار بۆ باشتر کردنی دۆخی سیاسی لە ئێران، گوشار بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شارەکانی کوردستان پەرەی سەندووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا،[(٩٤)ی هەتاوی]، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر لەلایەن ناوندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە کوردستان دەستبەسەر کراون.