ئیتلاعاتی سپای مەریوان مامۆستایەکی ئایینیی بانگهێشت کرد

11:24 - 14 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا شێخ محەممەد ئیبراهیمی" خەڵکی مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو شارە کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش هەڕەشەکردن لەو مامۆستا کوردە بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەکەی بۆ داسەپاندنی حوکم، ڕەوانەی دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمدان دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو مامۆستایەیان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێڕێزی بە بەرپرسانی حکوومەتی تۆمەتبار کردووە".

مامۆستا شێخ محەممەد ئیبراهیمی، پاش سێ کاتژمێر لێپرسینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازاد کرابوو. هەروەها ماوەیەک پێش ماڵی ئەو مامۆستا کوردە لە مەریوان لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرابوو.

لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی هەتا ئێستا ئەو مامۆستایە چوار جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە و لەلایەن دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی هەمەدانەوە بە سزای نەختی مەحکووم کراوە.