ئیتلاعاتی سنە ئاوەکانی چیای ئاویەر زەوت دەکات

03:38 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە حاڵێکدا کە دانیشتوانی ئوستانی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی بارینی باران و ئاوی بەنداوەکانی ئەو ئوستانە، لە کەمیی ئاو دەناڵێنن، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنه لە هەوڵی قەتیزکردنەوەی ئاوە ژێر زەوییەکانی چیای ئاویەر دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەکە ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی سنە بە هەڵکەندی بیری ژێر زەوی، لە حاڵی کۆکردنەوە و راگواستنی ئاوەکانی چیای ئاویەر بۆ ئەو ناوچەیە دایە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی تێدا هەڵکەوتووە و کادر و پێرسۆنێلەکانی ئەو ئیدارەیەی تێدا نیشتەجێن.

بیر هەڵکەنێکی شاری سنە وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپای وتووە: هەنووکە زۆربەی بیرهەڵکەنەکانی شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کراوە کە هەتا کۆتایی پرۆژەکە و راگواستنی ئاوەکانی چیای ئاویەر، مافی ئەنجامدانی هیچ کارێکی دیکەیان نییە.

لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی ئاوی پاشکەوتکراوەکانی بەنداوی قشڵاق کە ئاوی خواردنەوەی خەڵکی شاری سنە دابین دەکات، بەهۆی دابەزینی رێژەی بارینەکان کەمی کردووە و بەهۆی هەڵگەڕانی تانکرەکانی هەڵگری \'\'مازووت\'\' چەندین جار پیس بووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ناوچەی نێوان گەڕەکەکانی خوسرەو ئاوا (شێبلی) و سەفەری (ئاویەر) و لە رووبەرێکی نزیک بە ١٠٠ هێکتار هەڵکەوتووە.

تێکڕای ئەو ناوچەیە لەلایەن نیگابانە تایبەتەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دامەزرانی کامێرای دابەستراوەوە دەپارێزرێ.

بەگوێرەی زانیارییەکان و بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان و شایەتیی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان، بەندیخانە نهێنییەکان و شوێنی راگرتنی دەسبەسەر کراوان لەو ناوچەیەدا هەڵکەوتووە.

پێشتریش ئیدارەی ئیتلاعات بە زۆرەملێ و بە گوشار خستنە سەر هاووڵاتییان، تێکڕای خانووبەرە دانیشتوانی سنە کەلە نزیک ئەو ئیدارەیەدا هەڵکەوتبوون، کڕیبوو.