ئیتلاعات لە سنە چالاکێکی کرێکاریی کوردی بانگهێشت کرد

13:17 - 16 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە ئەندامانی رێکخراوە کرێکارییەکانی کوردستان لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە، چالاکێکی کرێکاریی کوردی ئەو شارەی بەناوی خەلیل کەریمی بانگهێشت کرد.

ئەو چالاکە کرێکارییە سەبارەت بە ئەندامەتی لە یەکیەتیی ئازادی کرێکاراندا و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەو ناوەندە ئەمنییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە رۆژی ٥ی رەشەمەی ئەم مانگەدا لە بەردەم مەجلیسی ئیسلامی، هۆکارێکی دیکەی بانگهێشت‌کرانی خەلیل کەریمی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بووە.

\"25169.jpg\"
حامید مەحموودنەژاد و خەلیل کەریمی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون
یەکیەتیی ئازادی کرێکاران وێرای ئاماژە کردن بە دادگەیی کردن و بڕینەوەی حوکم بۆ دووکەس لە چالاکانی کرێکاری، نیگەرانیی خۆی لە قۆناغێکی نوێی بانگهێشت و لێپرسینەوە لەگەڵ چالاکانی کرێکاریی کورد دەربڕیوە.

دەگوترێ رۆژێک بەر لە بانگهێشت کرانی ئەو چالاکانە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، حامید مەحموودنەژاد، چالاکی کرێکاریی کورد بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردانە، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٣ی رەشەمە بەهۆی ئەندامەتی لە کۆمیتەی هاوکاری بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان، بانگهێشت کراون.

ناوەڕاستەکانی حەفتەی رابردووش، زانیار دەباغیان، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی کورد، پاش یەک مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەو رێکخراوە کرێکارییە، نزیکبوونەوەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنانی بە هۆکاری بانگهێشت‌کرانی ئەو چالاکانە لەقەڵەم داوە.

ئەو چالاکانە، پاش بانگهێشت‌کران و لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی سنە، سەرجەمیان ئازاد کراون.