ئیتلاعات دەنگی متمانەی بە نەندامێکی کوردێکی شۆرای ئوستانی فارس نەدا

15:48 - 12 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد و ئەندامی هەڵبژێردراوی شۆرای خولی چوارەمی یەکێک لە شارەکانی ئوستانی شیراز، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە رەت کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"حێشمەتوڵڵا شەفیعی\" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری \"سەدرا\"ی سەربە ئوستانی شیراز کەلە هەڵبژاردنەکانی شۆرای ئەو شارەدا دەنگی چوارەمی بەدەست هێنابوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەنگی متمانەی پێ نەدرا.

دوابەدوای هەڵبژاردنی شۆرای شاری \"سەدرا \"، ٧ کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای ئەو شارە بەناوەکانی \"مەسعوود رەحیمی، حەسەن فەرەیدوونی، مەسعوود مەحموودی، حێشمەتوڵلا شەفیعی، مورتەزا ئەمیری ئارەش یارمەحموودی، عەلی رەزا مەحموودی\" لەلایەن فەرماندار و ستادی هەڵبژاردەنەکانی ئوستانی شیرازەوە بەڕیز کەسانی یەکەم هەتا حەوتەمی هەڵبژاردەکان راگەیاندران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان رایانگەیاندووە، \"حێشمەتوڵلا شەفیعی\" لە ئوستانی کرماشانەوە هاووڵاتییانی کوردی بە مەبەستی دەنگدان هێناوەتە شاڕی سەدرا، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ناوبراو تەنیا بەهۆی کوردبوونییەوە دەنگی متمانەی پێ نەدراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژی بەوەش کرد، حێمەتوڵڵا شەفیعی بە کەسایەتیەکی جێگەی متمانەی هاووڵاتییانی شاری \"سەدرا \"و بەتایبەتی هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارە ناسراوە.

لەلایەکی دیکەوەو ماوەیەک پێش ئێستا، یەکێک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شیراز لە کاتێکدا ناوی کوردیی \"ژینــا\"ی بۆ دووکانی مۆبل فرۆشییەکەی دیاری کردبوو، لەلایەن ئیدارەی ئەماکەنی ئوستانی فارسەوە بەرەوڕووی ئاستەنگ بووەیەو لە ئەنجامدا تابلۆی دووکانەکەیان پێ گۆڕی.

هەنووکە زیاتر لە ١٠٠٠ بنەماڵەی کورد لە گوندەکانی شیراز، کازروون و سپیدان نێشتەجێن و بە زاراوەی لەکی دائاخێون و هەروەها لە \"لارستان\"ی فارس زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتیی کورد بوونیان هەیە.

چوارەمین خولی هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان لە وڵاتی ئێران، رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو.