ئیتلاعات دەست لە پەروەندەکانی گەندەڵیی ماڵی‌ وەردەدات

15:28 - 31 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕایگەیاند، ڕێکخراوی ئیتلاعات دەست لە پەروەندەی گەندەڵیی ماڵی لە ئێران‌دا وەردەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، باسی لەوە کرد کە ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە لە دەستبەسەرکردنی هەندێک لە تاونبارانی گەندەڵیی ماڵی‌دا دەستێوەردان دەکات و ئەو گوتەیەشی پشت‌ڕاست کردەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە بەرپرسی گشتیی بانکی میللەت و هەندێک لە سیاسییەکان لە تۆڕێکی گەندەڵیی ئابووری‌دا دەستیان هەبووە.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ، باسی لەوە کرد کە؛ یەکێک لە پرۆژەکانی ئیتلاعاتی سپا، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی پەروەندەکانی سەبارەت بە پرسە ئەمنیەتییەکان، پرسی دزە و گەندەڵییە ماڵییەکانه.

ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سپای پاسداران، ڕۆژی سێ‌شەممە بڵاویان کردەوە کە عەلی ڕەستگار سورخەیی، بەرپرسی گشتیی پێشووی بانکی میللەت و جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی ئەو بانکە، بە هۆی چالاکیی بەرین لە باندێکی گەندەڵێی بانکی‌دا، دەستبەسەر کران.

دەستێوەردانی ڕێکخستنی ئیتلاعاتی سپا لە پەروەندەی \"مووچە نجوومییەکان\" کاتێک گەورە بووەوە کە هەندێک لە بەرپرسان و لایەنگرانی حکوومەت داوایان کرد کە پێداچوونە بە فیشی مووچەی بەرپرسانی دەزگا و ناوەندە حکوومەتییەکان و شیرکەتەکانی سەر بە سپادا بکرێت.

هەندێک لە شرۆڤەکاران لەو باوەڕەدان کە گوتەکانی فەرماندەی گشتیی سپا، ڕوو لە \"هەندێک لە ڕامیاران\" سەبارەت بە پەروەندەی پێشووی بانکی میللەت، هۆشدارێکە بە حەسەن ڕووحانی و کەسانێک کە دیانهەوێ پێداچوونە بە گەندەڵیی ماڵی لە ناوەندەکانی حکوومەت‌دا بکەن.

دەستێوەردانەکانی ڕێکخراوی سپا لە هەموو جومگەکانی کاروباری ئێراندا، بە شێوەیەک پەرەی ئەستاندووە کە ڕەخنەی هەندێک لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتەی لێ‌کەوتووەتەوە.