ئیبراهیم عیساپوور لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:12 - 8 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی ڕێبەندان، "ئیبراهیم عیساپوور"، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی سەردەشت، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسیە، پاش تێپەڕاندنی ٩ ساڵ و ٨ مانگ لە ماوەی زیندانیبوونەکەی، لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

ئیبراهیم عیساپوور، ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١، لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ "سیروان نژاویـ"ـدا، زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەوادی‌کیا"، بە تۆمەتی "محاربە لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.

ئیبراهیم عیساپوور، ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٢، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا و حوکمی ئێعدامەکەی ساڵی ١٣٩٤، لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و پاش دادگاییکردنی دووبارەی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بۆ ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە و بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، سەپاندنی توندترین سزا، واتا ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ناوبراو لە ئارادا بوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەگەڵ سێ زیندانیی سیاسیی دیکە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و پاش ١ مانگ، بۆ زیندانی ئەو شارە گەڕێندرایەوە.