كیانووش رۆستەمی وەزنەبەرداری کرماشانی میداڵی زێڕی بەدەستهێنا

12:44 - 24 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: وەرزشكارێكی تەمەن ٢٣ ساڵەی كورد توانی میداڵی زێڕی ركابەرییەكانی وەزنەبەرداری لەئاستی جیهاندا بەدەست بێنێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەدرێژەی ركابەرییەكانی وەزنەبەرداری لەئاستی جیهاندا كە شاری ئاڵماتی قەزاقێستان بەڕێوە چوو، كیانووش رۆستەمی بە لێدانی وەزنەی ٣٩١ كیلۆ دوو میداڵی زێڕی بۆ خۆی مسۆگەر كرد.

ئەو وەرزشكارە كوردە ئەو ركوردەی لە دوو زەربدا تۆمار كردووە و هەروەها توانیویەتی لە یەك زەربیشدا پلە بەدەست بێنێت.

\"23155.jpg\"
كیانووش رۆستەمی لە ١٧یەمین خولی یارییەكانی ئاسیادا میداڵی زێوی ئه‌م یارییانه بۆ خۆی مسۆگەر كردبوو
رۆستەمی لەكێشی ٨٥ كیلۆدا بەشداری كردبوو و لەو كێشەدا ١٠ وەرزشكاری دیكەش بەشدار بوون كە كیانووش توانی لە یەك زەربدا رێكۆردی ١٧٨ كیلۆ بشكێنێ‌و لە دوو زەربدا توانی ٢١٣ كیلۆ قورسایی بەرز بكاتەوە و لەكۆی گشتیی ٣٩١ كیلۆدا، میداڵی جیهانی بەدەست هێنا.

ماوەی ١٥ ساڵ بوو كە رێكۆردی هەڵگرتنی قورسایی ٢١٣ كیلۆ لەدەستی شاهین نەسیری نیادا بوو و كیانووش رۆستەمی توانی بە هەڵگرتنی یەك كیلۆ زیاتر، رێكۆردی جیهان بەناوی خۆیەوە تۆمار بكات.

بە پاڵەوانیەتی ئەو وەرزشكارە كوردستانییە (ئیسلام ئابادی غەرب)، ئێران توانی بچێتە خشتەی ركابەرییەكانی جیهانەوە و لەدوای كورەی باكوور و چین پلەی سێهەم بەدەست بێنێت.

كیانووش رۆستەمی دوومانگ لەمەوبەر لە ١٧یەمین خولی یارییەكانی ئاسیادا بە هەڵگرتنی ٣٨٠ كیلۆ قورسایی میداڵی زێوی بۆ خۆی مسۆگەر كردبوو.