یارمەتیی ماڵی ئێران بە حیزبوڵڵا رووی لە كەمی كردووە

21:37 - 21 رەزبەر 2711
كوردپا: لێپرسراوانی حكوومەتی ئێران بە حیزبوڵڵای لوبنانیان راگەیاندووە، چیدیكە ناتوانن وەكوو پێشوو یارمەتیی ماڵیان بدەن.
رۆژنامەی ئەلقەبەس( كویت) لە زاری بەرپرسێكی گرووپی حیزبۆڵڵاوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكریت، بڵاوی كردەوە: حكوومەتی ئێران هەر ساڵ 350 میلیۆن دوڵار یارمەتی بنەماڵە و كەسوكاری گرووپی حیزبوڵڵای داوە، بەڵام لەمەو بەدوا كەم دەكرێتەوە.
بەوتەی ئەو لێپرسراوەی حیزبوڵڵا بەشێكی ئەو یارمەتییە خەرجی پڕۆژەی چاكسازی لە باشووری بەیرووت و\"دۆڵی بكا\" كراوە.
ئەو سەرچاوەیە هۆكاری كەم كردنەوەوی یارمەتیی حكوومەتی ئێرانی بە حیزبوڵڵای گەڕاندۆتە بۆ، یارمەتیی زیاتری ئێران بە سووریە و قەیرانی سیاسی و ئابووریی ناوخویی ئێران لە ئەنجامی گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا.
حیزبوڵڵا گرووپێكی توندڕەی شیعەیە كەلە دوای شۆڕشی گەڵانی ئێرانەوە لەژێر كاریگەریی ئایەتوڵڵا خومەینی پێكهات.
حیزبوڵڵای لوبنان رێكخراوێكی سیاسی ـ نیزامیە و لە لیستەی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دایە.
ریكەوتی 10‎ی بانەمەڕ لێپرسراوانی مەرزی توركیە دەستیان بەسەر بارێكی چەك و چۆڵدا گرت.
لە ئەنجامی لێكۆلینەوەی لێپرسراوانی توركیە دەركەوت كە ئەو بارە بڕیار بوو لە ئێرانەوە بۆ سووریە و حیزبوڵڵا بەڕێ‌ بكرێ‌.