یارسانییەکی دیکە لە بەر دەم مەجلیسی ئێران ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا + وێنـــــــــــه

20:24 - 5 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی یارسانی و خەڵکی قەزوێن لەبەر دەم مەجلیسی ئێراندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتییەکی کوردی یارسانی بەناوی \"محەممەد قەنبەری\" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی قەزوێن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردن بە ئایینی یارسان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ خۆسووتاندنی ٢ هاووڵاتیی کوردی یارسانی، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ لەبەر دەم مەجلیسی ئێراندا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

\"14225.jpg\"
محەممەد قەنبەری، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی قەزوێن
رێکەوتی ١٤ی جۆزەردان \"حەسەن رەزەوی\" لەمەڕ سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئایینی یارسان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو دواتریش لە رێکەوتی ٢١ی جۆزەرداندا گیانی لەدەست دا.

هەروەها رێکەوتی ١٥ی جۆزەردان نیکمەرد تاهیری خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان لە شوێن هەمان رووداو و بە ئامادە بوونی خەڵک و فیلم هەڵگر ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و دەستبەجێ بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دوابەدوای ئەم رووداوانە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردان هاووڵاتییانی کورد لە کرماشان سەبارەت بە سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە پەیڕەوانی کوردی یارسانی، خۆپیشاندانێکی بەرینیان لەبەر دەم ئوستانداریی کرماشان بەڕێوە برد.

ئایینی یارسان لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا وەک کەمینەی ئایینی بەفەرمی نەناسراون و لەم چەند ساڵەی رابردوودا وەک \"تاقمێکی ئایینی\" ناویان لێنراوەو ئەمەش ناڕەزایەتیی پەیڕەوانی ئەو ئایینە و هەروەها ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدواوە بووە.