٩٥%ی خەڵکی ئێران سترێسی بژیوی ژیانیان هەیە

15:34 - 29 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ڕێکخراوی سیستمی دەروونناسیی ئێران دەڵێت؛ تێکچوونی باری دەروونی و خەمۆکی لە ئێران، دەرئەنجامی دیاردەی بێکارییە و بەو هۆیەوە کۆمەڵگای ئێران لە ئاستێکی مەترسیداردا تووشی سترێس و گوشاری دەروونی بووە.

لە ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ئیلنادا، لە زاری عەباسعەلی ئەڵڵایاری، بەرپرسی ڕێکخراوی سیستمی دەروونناسیی ئێران و نوێنەری خولی شەشەمی مەجلیسی ئێران، بڵاو کراوەتەوە کە؛ پاراستنی تەندرووستیی دەروونی و تەندرووستی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا پشتگوێ خراوە و هیچ پلانێکی حکوومەتی لەو بوارەدا بوونی نیە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای ئەوەی کە بێکاری هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی خەمۆکی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانە و کەسانی بێکار هەست بە پووچی، بێمانایی و بێ‌شوناسی دەکەن، لە ئێستادا لە هەر ١٠٠ هاووڵاتیی ئێرانی، ٩٥ کەسیان تووشی سترێسی بژیوی ژیانن کە ئەوەش کاریگەری و دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە بەشە بودجەی دیاری کراو لە ئێراندا بۆ تەندروستیی دەروونی ٣%ە، کە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی کە ئەو بەشە ٧٥%ە، ڕێژەیەکی زۆر کەمە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەر ٨٠٠ هەزار کەس کە لە ساڵێکدا خۆیان دەکوژن، ٤ هەزار و ٦٩ کەسیان ئێرانین. ئێران بە ڕێژەی خۆکوژیی ١١ کەس لە ڕۆژێکدا پلەی ١٢٠ی هەیە لە نێوان وڵاتانی دونیادا.