كۆنفرانسێكی زمانی كوردی لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ژنێڤ بەڕێوە چوو

14:25 - 23 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران- ژنێڤ كۆنفرانسێكی لە ژێر ناوی \" مافی خوێندن بە زمانی دایك لە ئێران\" بەڕێوە برد.

كونفرانسەكە هاوكات لە گەڵ بیست ویەكەمین خولی كۆبوونەوەكانی كومیسیونی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بنكەی سەرەكی ئەو رێكخراوە لە ژنێڤ بە هاوكاری رێكخراوی نێونەتەوەیی گەشەپێدان و پەروەردە، پارێزەرانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئەمریكا و بزوتنەوەی دژی راسیسم بۆ دۆستایەتیی نێوان گەلان بەڕێوەچوو.

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران بڵاوی كردەوە، كۆنفرانسەكە بە وتەكانی تەیموور ئەلیاسی نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان و كارن پاركر سەرۆكی رێكخراوی پارێزەرانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە بارەی بەندی 15ی قانوونی بنەڕەتی ئێران كە دەڵێ زمانی رەسمی وڵات فارسییە و هەروەها گرنگی خوێندن بە زمانی دایك لە ئێران و كوردستان، دەستپێكرد.
\"9402.jpg\"
دواتر هەر یەك لە ساڵح ئەكین، پرۆفیسۆری زمان لە زانكۆی \"رووان\" لە فەرانسە، ئۆزجان یەڵماز مامۆستا لە زانكۆی ژنێڤ، ناسر بۆلادای نوێنەری كونگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدڕاڵ و خاتوو مارتینا تیریسڤا پسپۆر لە بواری زمان لە زانكۆی ژنێڤ، وتارێكیان پێشكەش كرد.

لەو كۆنفرانسەدا باس لە سیاسەتی \"ئەسیمیلاسیۆن\" و \"شوڤینیسمی\" حكوومەتەكانی فارس بۆ تواندنەوەی زمانی گەلانی بەلووچ و كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران كراوە.

هەروەها چەندین وتاری دیكە لەبارەی زاراوەی زازا و مەترسی لە ناوچوونی ئەو زاراوەیە، رۆڵی توركیە لە تواندنەوەی زمانی كوردی و میكانیزم و رێگای گونجاو بۆ پاراستنی زمانی نەتەوە بندەستەكان پێشكەش بەبەشدار بوانی كۆنفرانسەكە كراوە.