كۆمیتەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئێرانی مەحكووم كرد

14:59 - 13 خەزەڵوەر 2711
كوردپا – كۆمیتەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ جارێكی تر حكوومەتی ئێرانی بە پێشێلكاری سیستماتیكی دژبەرانی سیاسی، كەمایەتیە مەزهەبییەكان و جیابیران و هەڵاوێری رەگەزی تاوانبار و مەحكووم كرد.

كۆمیتەی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێكدا كە رۆژی پێنجشەممە لەم بارەوە بڵاوی كردۆتەوە، نووسیویەتی: ئەشكەنجە، ئیعدام لە شوێنە گشتییەكان و سەنگسار بوونەتە چەند دیاردەیەكی ئاسایی لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا.

ئەو كۆمیتەیە جارێكی تر داوای لە لێپرسراوانی ئێران كردووە پابەندی رێوشوێن و بەڵێنیەكانی مافی مرۆڤ بێت و لە بەرەنجامی سەركوت و زەخت و گوشاری دژبەران ئاگادار بێت.

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە، رۆژانە لە ئێران كۆمەڵێك خەڵك بە ئاشكرا و نهێنی ئیعدام دەكرێن و هەتا ئێستاش ناڕوونیەكی زۆر لەبارەی حوكمی ئیعدام لە ئێران لە گۆڕێ دایە، حكوومەت بەناوی فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەكانەوە خەڵك لە سێدارە دەدات، لە حاڵێكدا هێندێك لەو ئیعدام كراوانە، چالاكانی سیاسی و لایەنگرانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانن.

لە درێژەی راپۆتەكەدا لەبارەی هەڵاواردنی مەزهەبیی كەمایەتیە مەزهەبیەكان، ئازار و ئەشكەنجەی جینسی و هەڵاواردنی رەگەزی و بەتایەبت مافی هاوسەریەتیی باس كراوە.

ئەركی كۆمیتەی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، تاوتوێی وردی هەڵومەرج و دۆخی مافی مرۆڤە لەو وڵاتانەی كە پەیمانە نێودەوڵەتییەكانی حقووقی سیاسی و شارۆمەندییان واژۆ كردووە.
هەتا ئێستا حكوومەتی ئێران تەنیا بەهۆی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ریكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە شێوەی فەرمی زیاتر لە 25 جار مەحكوم كراوە.

ئێران ساڵی 1975ی زایینی بە كۆنوانسیۆنی جیهانیی مافی مرۆڤ پەیوەست بووە.