گەندەڵی گەیشتۆتە ناوەندەکانی خەبات لە دژی گەندەڵی

15:39 - 14 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەحمەد تەوەکۆلی ڕایگەیاند هەنوکە وامان لێهاتووە کە دەزگاکانی بەرپرسیار لەبەرانبەر گەندەڵی بۆ خۆیان تێکەڵ بە گەندەڵییەکان بوون.

ئەحمەد تەوەکۆلی ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیس، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە؛ یەکێک لە هۆکارەکانی ناودێرکردنی ئەمساڵ بە ساڵی ئابووریی خۆڕاگرانە، بوونی گەندەڵیی بەلێشاوە، کە تەنانەت سیستمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیشی تەنیوەتەوە.

ناوبراو دەڵێ؛ بەداخەوە گەندەڵی لە ئێراندا گەلێک زۆرە و تەنانەت بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت؛ بەرپرسانی ئێمە لە هەوڵی ژیانی خۆشدان و گوێیان لە خەڵکی هەژار و ئاسایی نێو کۆمەڵگا نیە؛ کاتێکیش کە گەندەڵییەکان خۆ دەخزێننە نێو کاناڵە ئیدارییەکان و ناوەندەکانی بڕیاردانیش دەگرێتەوە، ئیتر خەبات لە دژی گەندەڵی مانایەکی نامێنێت، وەک ئەوەیکە ئەمڕۆ لە ئێراندا دەبیندرێت.

تەوەکۆلی لە درێژەی دانپێدانانەکەیدا دەڵێ: ئێمە هەوڵماندا ڕێگری لە ڕانتێکی ١٠٠٠میلیارد تمەنی بگرین، بەڵام یەکێک لە وەزیرەکان ڕایگەیاند کە هەرکەسێک ڕێگری لەم ڕانتە بکات سوسیالیستە؛ دواتر کە بەدواداچوونمان بۆ کرد، زانیمان کە ئەو بەڕێزە تێکڕای کچ و زاواکانی دەستیان لەو گەندەڵییەدا هەیە و خاوەنی زیاتر لە ١٤ کارخانەی گەورەن!

پێشتریش ئێسحاق جەهانگیری لە ڕەوتی دادگای بابەک زەنجانیدا، دانی بەوەدا نا کە تەنیا زەنجانی پارەی نەوتی نەخواردووە، بەڵکوو کەسانی پایە بەرزی حکوومەتیش بوونیان هەیە کە بە بیانووی دەوردانەوەی تەحریمەکان دەستیان بەسەر بەشێک لە داهاتی نەوتدا گرتووە، هەروەها مۆحسێنی ئێژەییش ڕایگەیاندووە کە؛ باندێکی گەندەڵیی ماڵی لە نێو دەزگای کاروباری ماڵیاتی‏دا دۆزراوەتەوە کە١٥٠٠ میلیارد تمەن فاکتۆری درۆیینیان چاپ کردووە.