گەشەی ئابووریی ساڵی ٩٤ سفر بووە

15:11 - 22 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی ژووری بازرگانیی تاران ڕایگەیاند؛ ڕێژەی گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، سفر بووە.

لە حاڵێکدا کە ناوەند و بەرپرسانی پێوەندیدار سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ مانگ لە ساڵی نوێ ئامادە نەبوون ڕێژەی گەشەی ئابوریی ساڵی ٩٤ بدرکێنن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی تاران بە ڕۆژنامەی \"جەوان\"ی گوتووە؛ گەشەی ئابووریی ساڵی ٩٤ سفر بووە.

حەسەن ڕووحانی نرخی گەشەی لە ساڵی ٩٣دا ٣% ڕاگەیاند و پێشبینی کردبوو ساڵی ٩٤ ئەم نرخە بگاتە٥%؛ بەم پێیەش وەک کارناسان دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی پێوەرەکانی ئابووریی و هەروەها دۆخی فەزای کار، نرخی گەشەی ئابووری لە ساڵی ٩٤دا، تەنانەت لە ژێر سفرەوە بووە.

بە باوەڕی ئەم کەسانە، هیچ لۆژیکێک ئەوە قبوڵ ناکات کە لەحاڵێکدا نرخی گەشە لە ساڵێ ٩٢دا -٤.٥% بووە، لە ناکاو ئەم نرخە بۆ ساڵێک دواتر ٧% زیاد بکات و بگاتە ٣%، کەواتە ئەمە درۆیەکی زەقە کە ئاراستەی خەڵک کراوە.

ئەبولقاسم حەکیمی‌پوور دەڵێ: سیاسەتە دژە داتەپینەکانی دەوڵەت نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، سیستمی بانکی وڵات بە وەرگرتنی قازانجی زۆر سەرقاڵی کاری بونگادارییە و هەتا ئێستاش وەک وەزیری ئابوریی دەڵێ، ئێمە بە شێوەی هەڕەمەکی باجمان وەرگرتووە.