گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کرێکارێکی کورد لە کوردستان

10:18 - 22 رەزبەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر، کرێکارێکی کورد بە ناوی "مەولوود خانی" لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوو.

ئەو کرێکارە کوردە لە بینایەک لە گوندی "شیان" سەر بە ژاوەرۆی سنە تووشی ڕووداوی کار بووە و بەسەختی بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کراوە.

ئەو کرێکارە بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە لە بێهۆشیی درێژخایەندایە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەر کرێکارێکی بۆکانی لە سەقز بەهۆی بەربوونەوەی "ئاسانسۆر" بەسەختی بریندار ببوو. شوناسی ئەو کرێکارە بۆکانییە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە دوو حەوتوو پێش کرێکارێکی سەردەشتی بە ناوی "ئیبراهیم چووپانی" تەمەن ٦٥، بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەکی سێ نهۆمی گیانی لەدەست دا.