گیان لەدەستدانی گوماناویی زیندانییەک لە زیندانی ناوەندەیی خوڕەم ئاوا

10:25 - 24 خەزەڵوەر 2720

 ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، زیندانییەک بە ناوی "فەرهاد وسووقی‌نژاد" خەڵکی شاری هەرسین و دانیشتووی گوندی "تەنگ‌پەری" شاری نوورئاوای لوڕستان، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا، بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

برای ئەو زیندانییە لە وتووژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "فەرهادی برام لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا، ئازار و ئەشکەنجە درابوو و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: "بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا پاش ئازار و ئەشکەنجە توندی براکەم، لە ڕەوانەکردنی فەرهاد بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆیان بواردووە".

بە وتەی برای فەرهاد وسووقی‌نژاد، بەرپرسانی زیندانی خوڕەمئاوا ڕایانگەیاندووە: "براکەم لە خۆی داوە، بەڵام ئێمە قسەکانی بەرپرسانی زیندان ڕەت دەکەینەوە و بە دوور لە ڕاستی دەزانین".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "شوێنی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لە سەر جەستەی براکەم بە ڕوونی دیارە".

برای فەرهاد وسووقی‌نژاد پێداگری لە سەر ئەوە دەکات: "دادستانی شاری خوڕەمئاوا هەڕەشەی لەوان کردووە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان مەڕ چۆنییەتی گیان لەدەستدانی فەرهاد خۆمان ببوێرن".

فەرهاد وسووقی‌نژاد، ماوەی سێ حەوتوو پێش بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنـ"ـی هاووڵاتییەک لە شاری نوورئاوا بە ناوی "حوسێن جۆزی" دەسبەسەر کرابوو.

یەکێک لە براکانی فەرهاد بە ناوی "مستەفا وسووقی‌نژاد" سێ مانگ پێش بە تۆمەتی "کوشتنـ"ـی حوسێن جۆزی دەسبەسەر کرابوو و هەنووکە لە زیندانی خوڕەمئاوا، لە زیندان دایە.