گۆڕینی یاساکان و جێگیر كردنی یاسای دێمۆكراتی تەنها ئەركی ژنان نیە و ئەركی حكوومەت و رۆشنبیران و ریكخراوەكانیشە

13:26 - 6 سەرماوەز 2711
گۆڕینی یاساکان و جێگیر كردنی یاسای دێمۆكراتی تەنها ئەركی ژنان نیە و ئەركی حكوومەت و رۆشنبیران و ریكخراوەكانیشە


دیمانەی ئاژانسی هەواڵدەیی كوردپا لەگەڵ رووناك فەرەج چالاكی مافەكانی ژنان، لەمەڕ دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان


كوردپا: لەبەر چی لە دوای تێپەرینی چەندین ساڵ لە دونیای مودێڕن و بە جیهانبوون و هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی هێندێ‌ لە بنەماكانی مافی مرۆڤ كە بەشێكن لە كولتووری دێمۆكراسی، ئێستاكەش هەر بە شێوەی پێشوو ژنان بە توندترین شێوە دەچەوسێنەوە؟ ئایا لەبەرچی كۆمەڵگای كوردی هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بنەماكانی مافی ژنان لەناو گومەڵگادا سەقامگیر بكات؟

رووناك فەرەج: لەو روانگەیەی كە مەسەلەی ژنان مەسەلەی ئەو ملاملانێیەیە كە لەگەڵ دروست بونی بەشەریەتدا دروست بووە لەگەڵ دروست بوونی گۆڕانگارییەكان و گەشە كردنی عەقڵی بەشەریەتدا ئەم ملاملانێیە لە شێوەی جۆراوجۆردا بەردەوام بووە و دەكرێت بڵێین لەگەڵ زیاد بونی هەستی مالكیەت و زاڵبونی بەرژوەنددیەكان ئەم ململانێیە تۆختر بۆتەوە و لەگەڵ قۆناغەكانی گۆڕانەكان یاسا و دەستووری وڵاتە ئورووپایی و رۆژئاواییەكان لە رێگەی یاساوە دادوەریەكیان لە نێوان ژن و پیاودا چەسپاند, بەڵام هیچكاتیش یاسا ناتوانێت بە تەواوی دادپەروەر بێت بە پراوپری ماناكەی, دەكرێت بڵێین یاسا لەم وڵاتانەدا تارادەیەكی باش مافی مرۆڤەكان دەپارێزێت, گرنگیشە ئەو راستیەش لەبەرچاو بگرین كە ئەو دونیا مۆدێڕنەشی هەیە ئەو دونیایەیە كە تەوەرە سەرەكیەكەی بەدەست نێرینەكانە و دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ ئەو و وشە جوانانە كە بەپێی بەرژوەندییە باڵاكان گەمەیان پێدەكرێت, ژنان ئەمڕۆ بازرگانیان پێوە دەكرێت كێن بازرگانەكان و بە پشتی كێ دەیكەن , گەر بێینە سەر وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان تا ئەمرۆش یاسا نەیتوانیوە ئەو مافە بۆ تاكەكان بەگشتی و بۆ ژنان بەتایبەتی دەستەبەر بكات لەبەر ئەوەی یاساكان لەسەر نەریت و ئایین دادەنرێت.
كۆمەڵگای كوردیش ئەو كۆمەڵگا لێك پچڕاوەی كەلە هەر چوار لاوە كولتوورەكەی كەوتۆتە ژێر كاریگەریی كولتووری نەتەوە باڵادەستەكان هەر بۆیە دەیان ساڵە لە رێگەی پرۆسەیەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوو كردەوە ئیش لەسەر ئیفلیج بوونی دەكرێت بۆیە ناكرێت لە ماوەی 20 ساڵدا چاوەڕوان بین شوێنەواری ئەم دەیان ساڵە بسڕێتەوە پێشم وایە ئەو رەهاییە لە پرسیارەكەدا وانیە لەبەر ئەوەی هەر بۆخۆی بوونی هەڵبژاردن و بوونی رێكخراوە مەدەنی و پیشەییەكان ئاماژەن بۆ بنەماكانی مافی مرۆڤ بەڵام دەكرێت بڵێین هەنگاوی زیاتر و كاری زیاتر لەم بوارەدا پێویستە.

كوردپا: توندوتیژی دژ بە ژنان لە كۆمەڵگای كوردەواریدا بە پێچەوانەی هێندێ‌ شوێنی دیكە زیاتر لەناو ماڵدا وەبەرچاو دەكەوێ‌، دیارە توندوتیژی تەنیا لایەنی لێدان و كۆتان ناگرێتەوە بەڵكوو مەبەستمان هەموو ئەو كارانەی كە دەچنە چوارچێوەی بەرتەسك كردنەوەی چالاكی ژنان بە جۆرێك لە جۆرەكان توندوتیژین، رای ئێوە لەو بارەیەوە چیە؟

رووناك فەرەج: بە بڕوای من لە هەموو جیهاندا توندوتیژی لەناو خێزانەوە دەست پێدەكات لەبەر ئەوەی ئەو دوو تاكە جیاوازەی كە یەكەم جار دەكەونە ململانێوە ژن و مێردن یان خوشك و بران ئەمانە بەرژوەندییەكان دەیاندا بەیەكدا. كە جەوهەری ئەو بەرژوەندییە دەسەڵاتە ئامارەكانیش لە جیهاندا بەڵگەن بۆ ئەم بۆچوونەی من بەڵام شێوە و جۆری توندوتیژییەكان دەگۆڕێن لە كۆمەڵگەیەكەوە دەگۆڕێن.

كوردپا: بەڕێز رووناك فەرەج هێندێ‌ لە چالاكانی مافی مرۆڤ لەو باوەڕە دان كە تەنیا ژنان لەلایەن پیاوانەوە(مێرد) وەبەر شاڵاوی توندوتیژی نەكەوتوون، بەڵكوو ئەوە یاساكانن كە فەرهەنگی توندوتیژییان وەكوو نەریت لە كۆمەڵگادا سەقامگیر كردووە، راتان چیە؟

رووناك فەرەج: توندوتیژی بەرامبەر ژنان زۆر بیر و بۆچوون و راڤە هەڵدەگرێت یەكێك لەو بۆچوونانە ئەوەیە كە نەریتەكان كە دەرهاویشتەی پەیوەندیوە كۆمەڵایەتییەكانن لە پێش بوونی یاسای نوسراو وەك یاسایەكی زارەكی رۆڵی رێكخستنی پێوەندی تاكەكانی كۆمەڵ بووە پاشان ئایینەكان بە پشت بەستن بە نەریت بوونە یاسای كۆمەڵ و پاشان دەستور و یاسای مەدەنی دەركەوت ئەوەی لێرەدا دەكرێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت نەریت لەبەر ئەوەی زارەكی بوو زوو لەناو دەچوو بەڵام ئایین هات و زۆر لەم نەریتانەی كرد بە نوسراو كە فەوتاندی زەحمەتترە پاشان یاسای وڵاتەكانیش پشتی بەئایین و شەریعەت بەست بەتایبەت لە وڵاتە رۆژهەڵاتییەكاندا .

كوردپا: ئەركی ژنان بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە و جێگیر كردنی یاسایەكی دێمۆكراتیك بە مانای پاراستنی مافی ژنان چیە؟

رووناك فەرەج: گۆڕینی ئەو یاسایانەوە جێگیر كردنی یاسای دێمۆكراتی تەنها ئەركی ژنان نیە ئەركی حكوومەت و رۆشنبیران و ریكخراوەكانە, گەر تۆ قسە لەسەر ژن بكەیت بە شێوەیەكی گشتی بەشێكی زۆری ژنان سەربازی ئەو لەشكرەن كە سەدان ساڵە لەسەر یەك بەرنامە رادەهێنرێن ئەویش پیاوان شوان و ژنان مێگەل بۆیە خودی ژنان وا بارهێنراون كە ژیان چۆنە وا بڕوات تەنها ژمارەیەكی كەم نەبێت لە ژنان كە هوشیارییەكی وایان هەیە كە دەبێت دۆخەكە بگۆڕێت ئایا ئەو كەمە ژنە لە بەرامبەر ئەم دوو لەشكرە دەتوانن بە تەنها و لە كاتێكی كورتدا ریشەی ئەم نادادپەوەریە هەڵتەكێنن؟ وەڵامەكە بۆ بەرێزتان و خوێنەران.

كوردپا: رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافەكانی ژنان لە هەرێمی كوردستان لەم بارەوە چ كار و هەنگاوێكیان هەڵهێناوەتەوە؟

رووناك فەرەج: رێكخراوەكان هەنگاوی باشیان ناوە هەر لەوەی كە توانیان كێشەكانی ژنان بكەن بە مەسەلە و قسەی لەبارەوە بكرێت و توندوتیژییەكان وەك مەسەلەی تایبەت و نهێنی خێزان بێننە دەرەوە و بیكەنە مەسەلەی گشت دەسەڵات بێننە پای گرنگی دان بەم مەسەلەیە. دەست بردن بۆ ئەو بڕگانەی یاسای باری كەسێتی كە پلە دووی ژنان دوپات دەكاتەوە تا گەیشتە دەرچوونی یاسای تایبەت بە رووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژیی خێزانی. كردنەوەی خانەی تایبەت بەو ژنانەی رووبەڕوی كوشتن و توندوتیژی دەبنەوە كە تا ئەمڕۆ لە بەشەكانی تری عێراقدا نەتوانراوە ئەمە بكرێت لەچاو پێكەوتنی د. ئیبتهال وەزیری كاروباری ژنانی عێراق دەڵێت \"ئێمە ناتوانین خانەی داڵدەدانی ژنان بكەینەوە لەبەر ئەوەی كە دژ بەداب و نەریتە\". زۆر هەنگاوی دی.

رووناك فەرج رەحیم دەرچووی زانكۆی بەغدا
نووسەر و رۆژنامەنوس خاوەنی چوار بڵاو كراوەیە لەسەر كوشتنی ژنان و تۆمەتی شەرەف و لێكۆڵینەوەیەك لەسەر خەتەنەكردنی كچان.
ماوەی20 ساڵە لە بواری ژناندا كار دەكات و دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری راگەیاندن و رووناكبیریی ژنانە لە سلێمانی, ئێستا بە شێوەی خۆبەخش بەڕێوەبەری بەرنامەكانی سەنتەری راگەیاندن و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمانە لە سلێمانی.