گۆڕانکارییەکانی کوردستان لە دانیشتنی چالاکانی کورد و زیباکەلام و ئەسغەرزادەدا هاتە بەر باس

20:06 - 11 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مافە مەدەنییەکانی کوردستان لە دانیشتن لەگەڵ دوو کەسایەتیی رێفۆرمخوازدا، باسیان لە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پەرە سەندنی سیاسییان لە کوردستاندا کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کەس لە مامۆستایانی زانکۆ لەسەر داوای حەفتەنامەی دوو زمانەی کوردی فارسیی ئاگرینی رۆژ لە شاری سنە، کۆبوونەوەی هاوفکرییان لەگەڵ چالاکانی سیاسیی کورد پێکهێنا.

لە دانیشتنی رۆژی رابردوودا هەرکام لە سادق زیباکەلام و ئیبراهیم ئەسغەرزادە چەند وتەیەکیان پێکشەش کرد و بابەتە گرینگە سیاسییەکانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

\"25078.jpg\"
سادق زیباکەلام و ئیبراهیم ئەسغەرزادە
سادق زیباکەلام لە دەستپێکی ئەو کۆڕەدا رایگەیاند: بێگومان تێگەیشتنی سیاسی و مەدەنیی کوردەکان لەگەڵ شوین و ناوچەکانی دیکەی کوردستان جیاوازە و تێگەیشتنی سیاسیی کوردەکان لە تێکڕای خەڵکی ناوچەکانی دیکە لەسەرترە.

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسیەکان لە درێژەدا باسی لەوەش کرد: کە کوردەکان هاوپەیوەندی و خاڵی هاوبەشی فەرهەنگی، شارستانی و مێژووییان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەدا هەیە.

ئیبراهیم ئەسغەرزادە نوێنەری خولی سێیەمی مەجلیسی ئیسلامیی ئێران باسی لە خواستی کوردەکان کرد و رایەگایند: پێویستە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد ستراتژییەکی هاوبەشیان هەبێ و لەسەر بنەمای گوتارێکی روون داخوازییەکانیان بێننە گۆڕێ.

\"25083.jpg\"
خالید تەوەکولی: کوردەکان بەردەوام لە مێژووی سیاسیی ئێراندا دەنگیان لەپاڵ گوتاری گۆڕانکاری بووەو دەنگدانی ئەوانیش بە رۆحانی و خاتەمی سەلمێنەری ئەو ئیدیعایەیە
لە درێژەی دانیشتنەکەدا، خالید تەوەکولی چالاکی سیاسیی بەشداری کۆبوونەوەکە، رایگەیاند:کوردەکان بەردەوام لە مێژووی سیاسیی ئێراندا دەنگیان لەپاڵ گوتاری گۆڕانکاری بووەو دەنگدانی ئەوانیش بە رۆحانی و خاتەمی سەلمێنەری ئەو ئیدیعایەیە.

مەحموود مەحموودی ئەندامی شۆرای ناوەندیی (خانە مطبوعات)ی ئێران رایەگەیاند: دەبێ گرینگی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکەش بدرێ و پێویستە چالاکانی سیاسی پرسی مافی مرۆڤیش لەبەر چاو بگرن.

\"25081.jpg\"
اجلال قوامی
ئیجلال قەوامی وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە دانیشتنی حەفتەنامەی ئاگرینی رۆژدا چەند وتەیەکی سەبارەت تێڕوانینی ئۆپۆزیسیۆن بۆ کوردەکان کرد.

امید فەرازی یەکێکی دیکە لە چالاکانی سیاسیی کوردستان و ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد لەو دانیشتنەدا باسی لەوە کرد: دەبێ بەربەستەکانی گەشە سەندنی سیاسی لا ببرێن و لە دۆخێکی دێمۆکراتیکدا داخوازی و ویستی کوردەکان بە روونی بێتە بەر باس.

\"25079.jpg\"
نەسروڵڵاهی‌زادە: کەلێن و دوو لەتبوونی کوردەکان و ئێرانی بوون، پەیونەدییان بە پرسی قەومییەتەوە نییە، بەڵکوو دەبێ هەڵاواردن و بەربەستەکان لە نێو بچن
هەروەها بەهرام نەسروڵڵاهی‌زادە، یەکێکی دیکە لە چالاکانی سیاسیی رێفۆرمخواز ئاماژەی بەوە کرد: کەلێن و دوو لەتبوونی کوردەکان و ئێرانی بوون، پەیونەدییان بە پرسی قەومییەتەوە نییە، بەڵکوو دەبێ هەڵاواردن و بەربەستەکان لە نێو بچن.