گوندی "نێـ"ـی مەریوان میلیتاریزە کرا

17:09 - 29 سەرماوەز 2720

پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک بەبۆنەی یەکەمین ساڵڤەگەڕی گیان لەدەستدانی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی، دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، کە بەهۆی سەرمابردوویەوە لە ملەی "تەتە"ی هەورامان گیانیان لەدەستدابوو، هێزە نیزامی_ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی بە جێگیربوون لەو گوندە، فەزاییەکی ئەمنییەتیان بە سەر ئەو گوندەدا، زاڵ کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی "نێ"، هێزە نیزامی_ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، گەمارۆی ماڵی عوسمان خوسرەوی باوکی "فەرهاد و ئازاد خوسرەویـ"ـان داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئومید و بێهزاد خوسرەوەی برای ئەو دوو کۆڵبەرە گیان لەدەستداوە، بۆ ماوەیەکی کورت دەسبەسەر کراون و هێزە نیزامی_ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران بەوانیان ڕاگەیاندووە کە نابێت، هیچ ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی یەکەم ساڵیادی گیانی لەدەستدانی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی، بەڕێوە ببن".

ئەمڕۆشەممە ٢٩ی سەرماوەز، قەرار بووە کە ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی یەکەم ساڵڤەگەڕی گیان لەدەستدانی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی، لە گوندی "نێ" بەڕێوە بچێت.