گه‌شتیارانی ٤٠ وڵات چیدیكه‌ ناتوانن سه‌ردانی ئه‌مریكا بكه‌ن

14:29 - 21 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: به‌پێی گه‌ڵاڵەیه‌كی نوێی كۆنگره‌ی ئه‌مریكا له‌مه‌ڕ سنووردار كردنی هاتوچۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌ردانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، وا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ گه‌شتیاران و خه‌ڵكی ٤٠ وڵات كه‌ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گرێبه‌ستی ڤیزایان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی ٢٠١١ەوە، واته‌ له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سووریه‏وە‌، سه‌ردانی وڵاتانی ئێران، سووریه‌ و سوودانیان كردبێ، به‌بێ ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ئه‌مریكا ڤیزا وه‌ربگرن ناتوانن سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن.

به‌پێی ئەو یاسا نوێیەی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ خه‌سارێكی جیددی به‌ پیشه‌ی گه‌شتیاری حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران ده‌گه‌یه‌نێ؛ هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١١دا سه‌فه‌ری بۆ ئێران، سووریه‌ و سوودان كردبێ و هاونیشتمانیی ئه‌و وڵاتانه‌ بێ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ڕێككه‌وتننامه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڤیزایان هه‌یه‌ و ده‌توانن به‌بێ ڤیزا سه‌ردانی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ن، چیدیكه‌ ناتوانن له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرن. ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌فه‌ر بۆ ئێران، ده‌بێ بۆ سه‌ردانی ئه‌مریكا ڤیزا وه‌ربگرن.

ئه‌م وڵاتانه‌ بریتین له‌: ئاندۆرا، ئۆسترالیا، ئۆتریش، بێلژیك، برۆنێئی، شیلی، چێك، دانمارك، ئێستۆنی، فینلاند، فه‌ڕانسه‌، ئاڵمان، یوونان، مه‌جارستان، ئیسله‌ند، ئیرله‌ند، ئیتالیا، ژاپۆن، لێتۆنی، لیختن ئێشتاین، لیتوانی، لوكزامبۆرگ، ماڵت، مۆناكۆ، هۆله‌ند، نیوزله‌ند، نۆروێژ، پۆرته‌غاڵ، سه‌ن مارینۆ، سه‌نگاپوور، ئێسلۆڤاكی، كۆریای باشوور، ئێسپانیا، سوید، سوویس، بریتانیا، تایوان، كانادا، بێرمودا، ئۆسترالیا