گرانیی پێداویستییەکانی ژیان لە ئێران بۆتە هۆی دژواری باری گوزەرانی هاووڵاتییان

18:59 - 21 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای گەمارۆکان بو سەر ئێران و قەدەغە کردنی هەناردەی کاڵا سەرەکییەکان، گرانی لە ئێران گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی و نرخی خواردەمەنی روو لە زیاد بوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: دوابەدوای گەماروە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکوومەتی ئێران و قەدەغە کرانی هەناردەی چەندین کاڵا و شتوومەک، نرخی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک گران بوون و بەرز بوونەوەییەکی لەڕادەبەدەری بەخۆیەوە بینیوە و خەڵکیش لە هەمبەر ئەو گرانییە دەستەوەستانن و تەنیا چاوەڕێ دابەزینی نرخی دراوە بیانییەکان و بەتایبەت دابەزینی نرخی دۆلار دەکەن.

\"9722.jpg\"
نرخی پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک رۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر لەناو بازاڕەکانی کوردستاندا هەر کیلۆ برینج ٣٥٠٠ تمەن، قوتویەک رۆنی ١ لیتری خواردن ٢٨٠٠ تمەن و قەند کیلۆی ٢٠٠٠ تمەن و کیلۆیەک گۆشت ٢١٠٠٠ هەزار تمەن فرۆشراون و نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان هەتا ٢ بەرابەری نرخ و سەرجەم خواردەمەنییە کامپووتییەکان بۆ ٢/٥ بەرابەر بەرز بوونەتەوە.

\"ماوەیەک لەمەوپێش سەید \"جەواد تەقەوی\" جێگری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و بەرپرسی رێکخراوی داکۆکی لە بەرهەمهێنەران، لە نامەیەکدا کە بۆ \"حەمید سافدڵ\" بەرپرسی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێرانی ناردووە، قەدەغە کرانی هەناردەی ٥٠ جۆر کاڵا و شتومەکی بۆ دەرەوەی ئێرانی پێ راگەیاندبوو.

گەنم، ئارد، شەکر، رۆنی نەباتی، چایی هاوردە کراو، کەلوپەلی ماشێنی هاوردە، هەموو جۆرەکانی کاغەز، هەموو جۆریکی دانەوێڵە و... بەشێک لەو کاڵایانەن کە هەناردەیان بۆ دەرەوەی ئێران قەدەغە کراوە.