گازگرتوویی گیانی دوو"برا"ی لە شاری چڕداوڵی پارێزگای ئیلام ئەستاند

11:11 - 19 رێبەندان 2720

پەنگخواردنەوەی گازی کەربۆن لە ژووری خانوویەکدا، لە شاری سەرئاوڵەی پارێزگای ئیلام، بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو برا.

ئەو دوو هاووڵاتییە خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری چڕداوڵ بوون و بە شێوەی سەڵتی لە ماڵێکدا، لە شاری سەرئاوڵەی پارێزگای ئیلام دەژیان کە بە هۆی گازگرتووییەوە، هەر دووکیان گیانیان لەدەست داوە.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرما، ئاماری قوربانییانی گازگرتوویی و خنکان بە مۆنۆکسیدی کەربۆن ڕووی لە زیاد بووندایە بە چەشنێک کە بەپێی ئامارێک کە لەلایەن ڕێکخراوی پزیشکیی یاسایی ئێران لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڵاو بووەتەوە، ١٨٢ کەس کە ١٤٣ کەسیان پیاو بوون و ٣٩ کەسی دیکەیان ژن بوون، بەهۆی گازگرتووییەوە، گیانیان لەدەست داوە.