گاردی تایبەتیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج هێرشی کردە سەر زیندانیانی مەزهەبیی

15:23 - 24 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٨٠ کەس لە گاردی ئەمنەیەتیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، هێرشیان کردە سەر زیندانیانی مەزهەبیی ئەو زیندانە و سووکایەتییان پێکردن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕ، مەئمووران و گاردی ئەمنیەتیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە بیانووی پشکنینی ساڵۆنی ١٠ی ئەو زیندانە، هێرشیان کردە سەر زیندانیانی مەزهەبیی و بێ حورمەتییان بە زیندانیان کرد.

سەرچاوەیەک لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ گاردی ئەمنیەتیی زیندان کە ٨٠ هەتا ٩٠ کەس دەبوون، چوونە نێو ساڵۆنی ١٠ و تێکڕای کەلوپەل و کتێبە ئایینییەکانی زیندانییەکانیان فڕێ دایە سەر زەوی.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ سووکایەتی کردنی مەئمووران لە کاتێکدایە، کە تێکڕای زیندانیانی مەزهەبی بە رۆژوو بوون و حورمەتی مانگی رەمەزان، کە حکوومەتی ئیسلامی خۆی ئیدیعای دەکات، شکێندرا و قورئان و کەلوپەلە شەخسییەکانیان خستوونەتە سەر زەوی و بێ حورمەتییان بە زیندانیان کرد.

روونیشی کردەوە، زیندانیانی مەزهەبیی لە گەرمای پاشنیوەڕۆدا بۆ ماوەی زیاتر لە ٢ کاتژمێر لە حەوشەی زینداندا راگیران.

ئەوەشی خستەروو، مەئموورانی ئەمنییەتی و گاردی تایبەتی نێو زیندان، بە بیانووی گەران بە شوێن کەلوپەلی \"قەدەغەکراو\"ی وەک مۆبایل و کتێبدا ئەو هێرش و بێ حورمەتییەیان ئەنجام دا.

ژمارەی زیندانییانی مەزهەبیی رەجایی شاری کەرەج نزیک بە ٨٠ کەسن و لە کاتێکدا بەرەوڕووی هێرش و جوێن و بێ حورمەتیی مەئمووران و گاردی ئەمنیەتیی نێو زیندان بوونەتەوە، کە هیچ جۆرە کەلوپەلێکی قەدەغە کراویان پێ نەبووە.