کەیوان نژادڕەسووڵ پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە

11:45 - 6 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خاکەلێوە، "کەیوان نژادڕەسووڵ"، زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "شیناوێ" سەر بە پیرانشار، پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی نەغەدە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ٩٩، هاتبووە مەرەخەسی.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمەی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

مانگی گەلاوێژی ٩٩، حوکمی زیندانیی ئەو هاووڵاتییە، لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لە ٤ ساڵ زیندان بۆ ٢ ساڵ و شەش مانگ زیندان کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری بووە و دۆسیەکەی لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی زیندانی "کەیوان نژادڕەسووڵ" لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لە ٥ ساڵ زیندان بۆ ٤ ساڵ زیندان کەم کرابووەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی " ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە هەمان تۆمەت بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.