کەنداڵ نەزان: هەوڵەکانمان سەبارەت بە رێگریی لەداخستنی ئەنیستیتۆی کورد چڕ کردووەتەوە

16:15 - 1 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەنیستیتۆی فەرهەنگی کورد لە پاریس پاش ٣٢ ساڵ چالاکی بە هۆی کێشە ماڵی و گرتنەبەری سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجە زیادییەکان لەلایەن دەوڵەتی فەرانسەوە، کۆتایی بە چالاکییەکانی دێنێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێندێ هەواڵ سەبارەت بە داخستنی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس بە هۆی کێشەی ماڵییەوە بڵاو کراونەتەوە و ئەوەش نیگەرانی لای کەسایەتی و توێژەران کورد و رۆژئاوایی دروست کردووە.

بەرپرسی ئەو ئەنیستیتۆیە لە وتوویژێکدا لەگەل هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە وتی: ئێمە لەحاڵی وتووێژ لەگەڵ کەسایەتییە فەرانسەیی، ئورووپایی و کوردەکان داین کە رێگریی لە داخستنی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە بکەین.

د. کەندال نەزان باسی لەوەش کردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەنیستیتۆ دەتوانێ درێژە بە چالاکییەکانی بدات و یان ئەوەی لە پووشپەڕدا بە یەکجارەکی دادەخرێت.

\"26127.jpg\"
د. کەندال نەزان لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا سەرۆکایەتی ئەنێستیتۆ کورد لە ئەستۆ بووە
ئەو کەسایەتییە ناسراوە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە داخرانی ئەنیستیتۆکە چ کاریگەرییەکی دەبێ وتی: بێ شک داخرانی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە خەسارێکی گەورە بۆ توێژەران، مێژوو، سیاسەتی کوردستان و لایەنگرانی ئەدەب و فەرهەنگ دەبێت و تەنانەت سەرجەم ئورووپا لە رۆڵی گرینگی ئەو ناوندە بێبەش دەبن.

هەر لەو پێوەندییەدا \"فریدریک تێسۆ\" سەر کۆنسوولی پێشووی فەرانسە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیس بووک نووسیویەتی: داخرانی ئەو ئەنیستیتۆیە خەساریکی قەرەبوو نەکراوەی بۆ کوردەکان لێدەکەویەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە کەسایەتییە فەرانسەوییەکان داخرانی ئەو ناوەندە فەرهەنگییەیان بە کۆتایی هاتن بە مێژووی پڕبەرهەمی کوردستان ـ فەرانسە لە قەڵەم داوە.

ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس لە ساڵی ١٩٨٣وە دامەزراوە و رێکخراوێکی سکۆلار و مەدەنییە و ئامانجی پاراستنی مێژوو و فەرهەنگی کوردستانە، هەروەها لە راستای ناساندنی مێژووی نەتەوەی کورد بە توێژەر و لیکۆڵەرانی رۆژئاوادا کاری جیدی کردووە.

ئەو ئەنیستیتۆیە ١٠ سال پاش دامەزراندنی لەلایەن دەوڵەتی فەرانسەوە بە فەرمی ناسرا.

د. کەنداڵ نەزان لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا بەرپرسیاریەتی ئەنیستیتۆی فەرهەنگی کوردی لە ئەستۆ بووە.