کەمیی خزمەتگوزاریی لەش‌ساغی و دەرمانی لە ئێران بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووەتەوە

21:38 - 29 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کەمیی تەخت و ئیمکانانی دەرمانی لە نەخۆشخانەکانی ئێران کێشە و گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان درووست کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی حکوومەتی،حەسەن قازی‌زاده هاشمی، وەزیری بێهداشتی ئێرانڕایگەیاندووە، سەرەڕای پرتوکاویی نەخۆشخانەکان، کەمیی ئیمکانات وەکوو نەبوونی تەخت بووەتە هۆی ئەوەیکە کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ هاووڵاتییان درووست بێت و هەنووکە نەخۆشخانەکانی ئێران ٩٠ هەزار تەختی بەستریان پێویسته.

قازی‌زاده هاشمی، وەزیری بێهداشتی حکوومەتی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ جەختی کردبووە کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئێران پرتوکاون و زیاتر لە ٥٠ ساڵه دامەزراون و باسی لەوە کرد کە دەوڵەت پارەیبۆ درووستکردنی نەخۆشخانە نیە و دەبێ سەرمایەگوزارانی دەرەکی بە هانای نەخۆشخانەکانی ئێرانەوە بێن.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی بێهداشتی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە هەنووکە ٩٠٠ نەخۆشخانە لە ئێران سەرقاڵی خزمەتگوزارین کە لە سەدا ٥٥ی ئەو نەخۆشخانانە پرتوکاون.

ئەو ئامارەی وەزارەتی بێهداشتی حکوومەتی ئێران لە کاتێک دایە کە بۆ هەر ١٠٠٠ کەس لە ئێران ٥/١ تەختی نەخۆشخانە لە بەشە دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتییەکان‌دا هەیە.

هەروەها نەخۆشخانەکانی ئێران ٨٠ هەزار پزیشکی پێویسته و لەو پێوەندییەدا شووڕای باڵای نیزامی پەرستاریی حکوومەت ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی باش نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکان، لەگەڵ مەرگی شاراوە بەرەوڕوون.

کێشەی نەبوونی نەخۆشخانە و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێرانزەقترە و کێشەیەکی جیددیه بۆ هاووڵاتییان و بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵ ناگرن.