کەمپەینی هەڵوەشانەوەی هەنگاو بەهەنگاوی سێدارە لەوڵاتی ئێران راگەیەندرا

18:37 - 6 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لەلایەن ٨ چالاکی سیاسی، نووسەر و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی ئێرانی \" کەمپەینی \"هەڵوەشانەوەی هەنگاو بەهەنگاوی سێدارە\" راگەیاندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەشت کەس لە چالاکانی سیاسی و نووسەرانی ناسراوی ناوخۆی وڵاتی ئێران بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێک، چالاکیی کەمپەینی \" هەڵوەشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزای سێدارەیان لەژێر ناوی (لگام) لە وڵاتی ئێران راگەیاند.

\"17067.jpg\"
\"سیمین بێهبەهانی (نووسەر)، پەروین فەهیمی (چالاکی مافی مرۆڤ)، بابەک ئەحمەدی (نووسەر)، محەممەد مەلەکی (چالاکی سیاسی)، محەممەد نووری‌زاد (فیلمساز)، فەریبورز رەئیس‌دانا (چالاکی سیاسی)، عەلی‌رەزا جەباری (نووسەر) و ئیسماعیل موفتی‌زادە (چالاکی مافی مرۆڤ)\" ناوی ئەو ٨ کەسەیە کە ئەو کەمپەینەیان وەرێخستووە.

لە بەشێک لە راگەیاندراوی ئەو چالاکانەدا هاتووە : بە دڵنیاییەوە لە دوارۆژدا، ئێمە خەڵکی ئێران بە ناچاری ئەم ئەسڵە قەبووڵ دەکەین، کە لەسێدارەدانی تاوانباران هەڵبوەشێنینەوە و شێوەی پەروەردەی دروست لە جێگەی دابنێین.

ئەو کەسایەتییە سیاسی و چالاکە مافی مرۆڤییانە روو لە خەڵکی ئێران خوازیاری کەم کردنەوە و نەهێشتنی شێوەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگەی ئێراندا بوون و داوای پشتیوانی و یارمەتیی خەڵکی ئەو ولاتەیان بۆ کەمپەینی هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزای سێدارە کردووە.

\"17069.jpg\"
بەڕێوەبەرانی کەمپەینی هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزای سێدار، داوایان کردووە ئەو چالاکانەی کە دەیانهەوێ پشتیوانی لەو بانگەوازە بکەن، پەیامەکانی خۆیان بە ناونیشانی ئیلکترۆنیی ( [email protected]) بەڕێ بکەن یان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هاوڕێیەتییان بکەن.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راگەیاندراوێکدا کە بە بۆنەی سەدەمین رۆژی دەستبەکاربوونی دەوڵەتی حەسەن رۆحانییەوە بڵاوی کردۆتەوە، رایگەیاندووە: لە سەرەتای دەستبەکار بوونی حەسەن رۆحانییەوە ٣٦٧ کەس لە وڵاتی ئێران لەسێدارە دراون.

هەروەها بەپێی ئامارەکان لە رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژەوە هەتا ١٢ی خەزەڵوەر ٢٢٥ هاووڵاتیی ئێرانی حوکمی سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

لە کۆی ئەو لەسێدارە دراوانە، ١٢ کەسیان ژن و ٢٧ کەسیشیان هاووڵاتییانی کورد بوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنووکە ٢٥ چالاکی سیاسی کورد بە تاوانی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، سزای سێدارەیان بۆ براوەتەوە.