کەمتەرخەمیی پزیشکی گیانی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵانی ئەستاند

12:43 - 24 جۆزەردان 2720

بەهۆی هەڵەی پزیشکیی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی "دایکی ئابادان" لە شاری ئەهواز، منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵان گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی لە زاری بنەماڵەی ئەو منداڵە، بڵاویان کردووتەوە کە منداڵەکەیان بەهۆی قرتاندنی دەماری قامکی پێویستی بە نەشتەگەری هەبووە کە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی تایبەتی "دایکی ئابادان"، لە کاتی بەهۆش هاتنەوەی، تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە و گیانی لەدەست داوە.

ئەو مندالە خەڵکی شاری "ئەروەند روود"ە کە لە ٤٥ کیلۆمیتریی باشووری شاری ئابادان هەڵکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی "ڕۆکنا" لە هەواڵێکدا باسی لە شکاندنی لاقی منداڵێکی خەڵکی شاری زاهیدان کرد کە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە، لاقی منداڵێکیان بە هەڵە لە گەچ گرتووە.

لە کورتە ڤیدیۆیەکدا، دایکی ئەو منداڵە باس لەوە دەکات کە ڕادیۆلۆژی پاش گرتنی وێنەی لاقی چەپی ئەو منداڵە کە شکاوە، دەرکەوتووە کە دوکتورەکان بە هەڵە لاقی ڕاستیان لە گەچ گرتووە.

 بە وتەی دایکی ئەو منداڵە، پاش ٥ ڕۆژ دەرکەوت کە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی زاهیدان بە هەڵە لاقی ئەو منداڵەیان گەچ گرتووە و بە وتەی دایکی ئەو منداڵە، هیچ کام لە بەشەکانی نەخۆشخانەکە، ئەو کەمتەرخەمییەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێت، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە.