کەمترخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی لە بانە، گیانلەدەستدانی ژنێکی لێکەوتەوە

12:47 - 24 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی "لەیلا.ش" خەڵکی بۆکان و دانیشتووی گوندی "کۆخانـ"ـی بانە، کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی پێش نیوەڕۆ، تووشی تێکچوونی باری تەندروستی بووە و بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە لەو پەیوەندییەدا بە یەکێک لە کاناڵە تێلگرامییە خۆجێییەکانی بانەی ڕایگەیاندبوو، پاش پەیوەندیگرتن لەگەڵ بەرپرسی خەدەماتی ئاگرکوژێنەوە بۆ ڕەوانەکردنی ئامبوڵانسی شارەداری، بەرپرسی ئەو بەشە بە بیانووی خراپبوونی ئامبوڵانس، هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕزگاریی ئەو ژنە لە مردن نەکردووە، هەتا ئەو ژنە گیانی لەدەست دا.

لەو پەیوەندییەدا، بەڕێوبەری ناوەندی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزارییەکانی بانە ڕایگەیاندووە: "ئەو ژنە بەهۆی کێشی قورسیەوە کە کێشی زیاتر له ٣٥٠ کیلۆ بووە، تووشی وەستانی دڵ بووە، چەندین کاری پێویست کراوە و پێویستیان بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە بووە و هاوکارانی ئاگرکوژێنەوە پێداویستیی پێویستیان پێ نەبووە".

 بە وتەی "سالار بەستامی"، پاش نیو کاتژمێر دوای پەیوەندیگرتن بە نەخۆشخانە، بەرپرسانی نەخۆشخانە ماشینی تایبەت بە گواستنەوەی تەرم و هەندێکیش لە هاوکارانی ئاگرکوژێنەوە لە ئاوایی کۆخان ئامادە بوون و لەگەڵ جەستەی بێگیانی ئەو ژنە بەرەوڕوو دەبنەوە و بە  پێداویستییەکانی نێو ماشینەکە نەیانتوانیوە لە مردن ڕزگاری بکەن.