کەمتر لە یەک حەتوو هەڵەی پزیشکی دوو قوربانی لێکەوتەوە

15:39 - 28 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵەی خەڵکی گوندی چاڵاوی لە ناوچەی سنە بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ناوەندی دەرمانیی حەسەن ئاوای پارێزگای سنە، بە هۆی لێدانی دەرزیەکی هەڵە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵەی گیانی لە دەست دا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەو مێرمنداڵە ڕانەگەیەنراوە.

ئەو منداڵە قوتابیی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە و بە هۆی تووش بوون بە نەخۆشی پەتاوە، سەردانی ناوەندی دەرمانیی حەسەن ئاوای کردوە و دوای لێدانی دەرزی بێهۆش دەبێت و بۆ چارەسەر پزیشکی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە و بەڵام لەوێ گیانی لە دەست دەدات.

ماڵپەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە زاری باوکی ئەو منداڵە بڵاوی کردوە، پزیشکەکانی نەخۆشخانەی تەوحید پێیان ڕاگەندووە، هۆکاری گیان لە دەستدانی کورەکەی لێدانی دەرزی بە هەڵە بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە باوکی ئەو قوتابییە سکاڵایەکی دژی ناوەندی دەرمانیی حەسەن ئاوا تۆمار کردوە بەڵام لە لایەن یەکیەتیی پزیشکانەوە تاکوو ئێستا هیچ وڵامێکیان پێ‌نەدراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان بە ناوی شکۆفە فەتحی‏ئابادی کە تووشی نەخۆشیی ڕێخۆڵەکوێرە هاتبوو، بە هۆی هەڵەی پزیشکی و پساندنی بەشێک لە ڕێخوڵەکانی، گیانی لە دەستدا.

بێبەشیی کوردستان لە ژێرخانی بێهداشتی و دەرمانی بووەتە هۆی ئەوەی کە پزیشکان و پەرەستاران هیچ ئۆگرییەکیان نەبێت بۆ ئەوەی کە لە کوردستان نیشتەجێ بن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی چوونە سەرەوەی ڕێژەی ئەو قوربانییانەی کە بە هۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە لە کوردستان گیانیان لە دەست بدەن.