کەمبوونەوەی بزنە کێوی و ئەگەری لەنێوچوونیان لە ورمێ

18:57 - 2 پووشپەڕ 2720

جێگری فەنیی پاراستنی ژینگەپارێزیی ورمێ، باسی لە کەمبوونەوەی بزنە کێویی زەرد، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە دوورگەی گۆلی ورمێ کرد.

"حوجەت جەباری" لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "مێهر" سەر بە حکوومەت، سەبارەت بە ئەگەری لەنێوچوونی بزنە کێویی زەرد، ڕایگەیاند: "مەترسیی لەنێوچوونی بزنە کێویی زەرد هەڕەشە لە ژینگەی  ئەو ناوچەیە بەهۆی دۆخی نالەباری ژینگەیی دەکات و  ڕێژەی بزنەکێویی زەرد، لە حاڵی لەنێوچووندایە.

ئەو بەرپرسە ژینگەییە بە ئاماژەدان بە دوورگەی ئەشک لە گۆلی ورمێ، ئاماژەی بە شوێنی لەباربوونی ژیانی بزنەکێویی زەرد کرد و ڕایگەیاند: "وشکەساڵی، هاتنی جۆرێک لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانی وەک پڵینگ، چەقەڵ و ڕێوی بۆ ئەو دوورگەیە، کەمیی لەوڕگە و بەردەوامیی دۆخی قەیراناویی گۆلی ورمێ، بە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەم جۆرە گیانلەبەرانە لەم ساڵانەی دوایی دێتە ئەژمار".

جێگری فەنیی پاراستنی ژینگەپارێزیی ورمێ، باسی لە ٦٤ سەر لە بزنە کیویی زەرد لەو دوورگەیە کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی بارودۆخی نالەبار بەتایبەت بوونی جۆرەکانی ئاژەڵە کێوییەکانی وەک پڵینگ، چەقەڵ و ڕێوی لەو دوورگەیە، ئەگەری کەمتربوونی ڕێژەی بزنە کێویی زەرد، لە ئارادایە.

بارودۆخی نالەباری ژینگە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی ئەمساڵ، بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژەی ٣٠٠ سەر بزنە کێوی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ١٠٠ سەر کەم بووەتەوە و ئەم کەمبوونەوەش نیشانەی نالەباریی شوێنی حەوانەی ئاژەڵە کێوییەکانە بەتایبەت بزنە کێوی لەو ژینگەیە و هەتا ئێستا ئیدارەی ژینگەپارێزی بەهۆی کەمیی پارە نەیتوانیوە بەستێنی باشتر بۆ ژینگەی بزنە کێوی ئامادە بکات.