کەلێنی ڕەگەزی لە ئێراندا قووڵتر دەبێتەوە

21:59 - 27 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: توێژەرانی کۆمەڵناسی ڕایانگەیاندووە کە؛ سیاسەت و ئابووریی حکوومەتی ئێران، پەرەی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی داوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"حوسێن قازیان\"، کۆمەڵناسی نیشتەجێی وڵاتی ئامریکا، ڕایگەیاندووە کە؛ \"لە ١٠ ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا، هیچ چاکسازییەک لەبواری هاوسەنگیی ڕەگەزی لە وڵاتی ئێراندا نەکراوە و ئەم نابەرابەرییە ڕەگەزییە لە بەشی ئابووری و سیاسەتدا زۆرتر بەرچاو دەکەوێت.\"

هەروەها ناوبراو لە وتوووێژێکدا لەگەڵ \"کەمپێنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ\" لە ئێراندا، سەبارەت بە \"سیاسەتەکانی حکوومەت\"، ئاماژەی بەوە کردووە کە؛ کەم بوونەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە بارودۆخی ئێرانەوە گرێ دراوە.

\"\"لە مانگی بانەمەڕی ئەوساڵدا، ماڵپەڕە نێوخۆییەکانی حکوومەتی ئێران بڵاویان کردۆتەوە کە بەپێی ئامارە جیهانییەکان؛ ئێران لە نێوان ١٤٥ وڵاتی جیهاندا لەبواری هەڵاواردنی ڕەگەزی‌دا، لە پلەی ١٤١دا جێی گرتووە.

چالاکانی مافی ژنان لە ئێران، بەردەوام بۆ پێک‌هێنانی بارودۆخێک بۆ هاوسەنگی و بەرابەری و بەشداریی ژنان لە کۆمەڵگادا تێکۆشاون، تاکوو بتوانن، لە بواری ئابووری، یاسایی، کۆمەڵایەتیی و مرۆڤی، جێگە و پێگەی ژنان بەرز بکەنەوە.