٦ کەس لە زیندانی ناوەندی ورمێ لەسێدارە دران

16:58 - 17 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: حوکمی سێدارەی شەش هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی رابردوو بەرپرسانی زیندانێ ورمێ حوکمی لەسێدارەدانی شەش هاووڵاتیان بەڕێوە برد.

شوناسی یەکێک لە سێدارەدراوەکان عەبدولعەزیز فوولادی کوڕی یووسف و خەڵکی ئاوایی \" بالانج\"ی سەر بە ورمێ راگەیەندراوە.

هەتا ئێستا تاوانی ئەو ئێعدامکراونە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبووەتەوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەساڵی ١٣٩٣دا، ٨١٩ حاڵەت لەسیدارەدان لەئێران بەڕێوە چووە کە بە بەروارد بە سالی ١٣٩٢(٨٠٤ حاڵەت)، ٢% چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە و بە بەراورد لەگەل ساڵی ١٣٩١(٤٨٩ حاڵەت)، ٦٧% چوونەسەری بەخۆیەوە بینیوە.

لە کۆی گشتی سێدارەدانەکانی ساڵی ٩٣، ٤٤٨ حاڵەتیان پێوەندی بە بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە هەبووە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی، زۆرترین حوکمی لەسێدارەدانەکان لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠١٤، لەئێران رووی داوە.